تەکنەلۆجیا چۆن چوامینی لە ناوەڕاستکارەوە کردە بەرگریکەرێکی سەرکەوتوو؟

24-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید پێکانی یاریزانان ئۆریلیێن چوامینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆریلیێن چوامینی وەک ناوەڕاستکار هاتە ریال مەدرید، ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، تەکنەلۆجیا و ناچاری، ئەویان کردووە بەبەرگریکەرێکی سەرکەوتوو.
 
لە رۆژانی رابردوودا، ئاستی باشی ئەو یاریزانە فەرەنسییە لە دڵی بەرگریدا، بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکان، ئاشکرابووە ئەو یاریزانە، سوودی زۆری لە تەکنەلۆجیا وەرگرتووە، بۆ یاریکردن وەک بەرگریکەرێکی سەرکەوتوو.
 
پێکانە زۆرەکانی یاریزانانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا، تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتییان خستووەتە دۆخێکی ئاوارتە و پڕ لە کێشەوە، بەتایبەت کە لە دوا رۆژەکانی ئەمساڵدا، تیپەکە داڤید ئالابای لەدەستدا بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ لە یاریی یانەکە بەرامبەر ڤیاریال.
 
بەرلەکۆتاییهاتنی یارییەکانی ئەمساڵی تیپەکە، ریال مەدرید تەنگژەی بەرگرییەکەی زۆر قووڵتر بووەوە، کاتێک لە یاریی یانەکە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش، کە ریال مەدرید لە دوا خولەکەکانیدا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد، ناچۆ هێرناندێزی بەرگریکەری یانەکە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەوەش بەردەوامبوونی زنجیرەی ئامادەنەبوونی یاریزانانی یانەکە بوو لە یارییەکاندا.
 
دەرکردنی ناچۆ، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ناچارکرد، چوامینی لە گێمی دووەمدا لە دڵی بەرگری یاریی پێبکات لە خولەکی 56ەوە، ئەو یاریزانە ئاستێکی باشی لە یارییەکەدا پێشاندا و دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ئاستی باشی ئەوبوو، کاتێک لە گەڕی نۆی خولەکەدا بەرامبەر ئۆسەسۆنا بەناچاری وەک بەرگریکەر یارییکرد.
 
ریال مەدرید لەسەرەتای وەرزەوە رووبەڕووی کێشەی گەورەی پێکانی یاریزانان و بەتایبەت بەرگریکەرانی بووەتەوە، ئیدێر میلیتاو هەرزوو بەستەری ئەژنۆی پچڕا، پاشان ئالاباش دووچاری هەمان حاڵەت بوو و کارتە سوورەکەی ناچۆش، ئەو یاریزانە بۆ چەند یارییەک دووردەخاتەوە و ئێستا تیپەکە تەنیا یەک بەرگریکەری دڵی هەیە کە رۆدیگێری ئەڵمانییە.
 
ریال مەدرید لە نێو ئەو کێشە گەورەیەی پێکانی یاریزانەکانیدا، رووبەڕووی ململانێیەکی سەختی رکابەریی لەسەر پێشەنگی خولەکە بووەتەوە لەلایەن جیرۆناوە کە هاوشێوەی ریال مەدرید، پاش هەژدە گەڕی لالیگا، 45 خاڵی بەدەستهێناوە.

تەکنەلۆجیا و چوامینی
 
چوامینی ئەگەرچی بۆخۆی لاوێکی تەمەن 23 ساڵی بەهرەمەندە و توانای خۆی لەگەڵ ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنساش پێشانداوە، بەڵام تەکنەلۆجیا رۆڵی گەورەی هەبووە لەوەی ئەو یاریزانە لە شوێنە نوێیەکەی یارییکردنی خۆیدا بەباشی دەربکەوێت.
 
چیرۆکی پەیوەندی باشدەرکەوتنی ئۆریێلین و بەرگریی بارسا، بۆ مانگی نۆی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک ریال مەدرید، رووبەڕووی جیرۆنای رکابەری سەرەکیی بووەوە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا.
 
لەو یارییەدا چوامینی گۆڵی یەکەمی خۆی بەدرێسی ریال مەدریدەوە تۆمارکرد، بەڵام لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، ناچۆ بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و بەوەش بۆ سێ یاریی داهاتوو راگیرا. ئەو رووداوانە هەواڵی ناخۆشبوون بۆ چوامینی چونکە دەبوو ئیدی وەک بەرگریکەر لەگەڵ تیپەکەیدا دەربکەوێت، لەپێناو قەرەبووکردنەوەی ناچۆ، ئالابا و میلیتاو.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی بڕیاریدا چوامینی وەک دڵی بەرگری یاریی پێبکات، پاشئەوەی لە نێوان ئەو و فێرلان مێندیدا دەبوو یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو یاریزانەی ناوەڕاست ئاستێکی ناوازەی پێشاندا، پاشئەوەی باش خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکرد بۆ یارییکردن وەک بەرگریکەر، بەبەکارهێنانی چاویلکەی 'راستیی گریمانەیی'.
 
چوامینی لە چەندین گرتەی جیاوازدا دەرکەوتووە، لە ماڵەوە بە 'چاویلکەی راستیی گریمانەییەوە' مەشقدەکات، لەپێناو هەستکردن بەشوێنی نوێی یارییکردنی خۆی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە دۆخەکانی بەرگریدا، بەتایبەت لەگەڵ شێوای یارییکردنی ئۆسەسۆنا لەو کاتەدا.
 
ئەو چاویلکە تایبەتە، نوێترین داهێنراوی زانستی و تەکنەلۆجییە کە کۆمپانیایەکی تایبەت دروستیکردووە و بەڤیدیۆی سێ رەهەندی، ئەو کەسەی لە چاوی دەکات، دەباتە نێو دۆخێکی راستەقینەوە و وایلێدەکات هەست بەرووداوەکانی چواردەوری بکات.
 
چاویلکەکەی چوامینی، مێشک هاندەدات بۆ زیاتر هەستکردن بەشوێنی خۆی و رووداوەکانی چواردەوری، هەروەها توانای سکانی چاو لە یاریگەدا، بەرەو سەر دەبات، ئاستی بڕیاری دروست گەشە پێدەدات، ئەمە جیا لە پێشاندانی گۆشەی جیاواز لە هەموو شوێنێکەوە کە چاوی ئاسایی نایبینێت.
 
هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی چاویلکەکە رەخساندوویەتی، هاوکاریی چوامینی کردووە بۆ ئەوەی باشتر یارییبکات و لە یارییەکەی ئۆسەسۆنادا، ئەو بەرگریکەرە توانی بەباشی مامەڵە لەگەڵ بۆدیمێری هێرشبەری ئۆسەسۆنا بکات.
 
ئۆریلیێن، توانی مامەڵەی دروست لەگەڵ هەڵوێستە قورسەکاندا بکات، بەتایبەت رووبەڕووبوونەوەی تاک بۆ تاک، کە هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە، بزانێ لە هەنگاوی دوای ئەوەدا چیدەکات.
 
ئەگەرچی، لە دوای یارییەکەی ئالاڤێش و راگەیاندنی پێکانی قورسی ئالابا و کارتە سوورەکەی ناچۆ، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر گوتی ئەو هەواڵە بۆ چوامینی خۆش نییە کە دەبێ لە دڵی بەرگریدا یاریی بکات، بەڵام ئەوە بژاردەیەکی ناچاریی نادڵخوازە لەبەردەم ئەو یاریزانەدا، لە یارییەکانی داهاتوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە