مێسییەکەی ئەڵمانیا داوا لە هاوڕێکانی دەکات لە یۆرۆدا چاو لە ئەرجەنتین بکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

جەمال موسیالا، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن، داوا لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات، چاو لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکات و ئەزموونی ئەو لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا دووبارە بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە یۆرۆی 2024 کە ئەڵمانیا میوانداری دەکات، بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی خۆی.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2022 بە هەڵبژاردەی سعودیە دۆڕاند، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا و ریزەکانی خۆی رێکخستەوە و پابەندبوو بە شێوازی یاریکردنی بەکۆمەڵ، لە ئەنجامدا هاوڕێکانی لیۆنێل مێسی بۆ سێیەمجار لە مێژووی خۆیاندا جامی جیهانیان بردەوە.
 
موسیالا، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، کە لە ئەڵمانیا بە "مێسی ئەڵمانیا" ناسراوە، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ئابینزایتۆنگی ئەڵمانی، گوتی "لە مۆندیالی 2022 بینیم چی لەگەڵ ئەرجەنتین روویدا، زانیم و تێگەیشتم کە بەو رۆحەوە دەتوانن چی بەدەستبهێنن".
 
جەمال ئاماژەی بەوەشکرد "بەش بەحاڵی خۆم هیوادارم ئێمە بتوانین نازناوی یۆرۆ بەدەستبهێنین، تۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەی بۆ ئەوەی نازناوەکەی ببەیەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا ئەستێرەی بایرن میونشن، گوتی "ئێمە لەسەر خاکی خۆمان یۆرۆ ئەنجام دەدەین، لە ژیانی وەرزشی خۆتدا دەتوانیت جارێک بەو ئەزموونەدا تێپەڕی، بۆیە دەبێت ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە، کە هەموومان دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە هەموو گەلی ئەڵمانیا لە پشتمانەوە دەبێت لە یاریگادا، ئەمەش رۆحێکی نایاب و پاڵنەرێکی گەورەیە".
 
یاریزانە تەمەن 20 ساڵانەکە، کە 25 یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی هەڵبژاردەی مانشافتەوە کردووە، وەک هێزێکی داهێنەر لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیادا رۆڵی خۆی دەبینێت، دەشڵێت "دەزانم کە چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە ئاستەکەم و ستایلەکەم".
 
موسیالا کە پێشتر لە تیپی لاوانی چێڵسی یاری دەکرد و دەیتوانی لەگەڵ هاری کەینی هاوڕێی ئێستای نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکات، لە درێژەی قسەکانیدا باسی چامپیۆنزلیگیشی کرد و خواستی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی باڤاری بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، و گوتی "یاریی کۆتایی ئەم پاڵەوانێتییە لە لەندەن و لە وێمبڵی بەڕێوەدەچێت، یاریگایەکی تایبەتە بۆ من، چنکە من لە لەندەن پێگەیشتووم".
 
موسیالا هیوادارە گۆڵەکانی کەین، لەگەڵ هاتنی گرێبەستە نوێیەکان لە مانگی یەکی داهاتوو، یارمەتیدەربن بۆ ئەوەی تیپەکەیان دوو نازناوی خولی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد "سەبارەت بە هاری کەین، ئێمە گۆڵکارێکی گەورەمان هەیە، منیش هاوکارم لەگەڵیدا، کارگێڕییەکەمان کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە گرنگەکان دەکات، هەروەها بەهێزترکردنی ریزەکانی تیپەکەش".
 
بایرن میونشن، کە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی ئەڵمانیدایە و بە 4 خاڵ لەدوای بایرلیڤەرکوزنی پێشەنگەوەیە، دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵ، دەست بە یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی ئەڵمانیا دەکاتەوە و لە 12ـی مانگی یەکدا رووبەڕووی هوفێنهایم دەبێتەوە.
 
موسیالا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پەلە ناکات لە پلاندانان بۆ داهاتووی خۆی، و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە باڤاریایە و گوتی "ماوەی گرێبەستەکەم تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، بۆیە هەست بە ئاسوودەیییەکی زۆر دەکەم".