هاوڕێیەکی رۆناڵدۆ، ریال مەدرید رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە هاوڕێکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، بیرۆکەی جێهێشتنی خولی سعودی لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رەتدەکاتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید هەوڵدەدات بەرگریکارێکی نوێ لە مێرکاتۆی زستانەدا بباتە نێو پێکهاتەکەی، دوای ئەوەی هەردوو بەرگریکارەکەی، ئیدێر میلیتاو و دەیڤد ئالابا دووچاری پێکانێکی درێژخایەن بوون.
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئێمریک لاپۆرتی بەرگریکاری یانەی نەسڕ، یەکێکە لەو ناوانەی کە ریال مەدرید بیریان لێدەکاتەوە لە زستاندا گرێبەستیان لەگەڵدا بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لاپۆرت لەگەڵ نەسڕ دڵخۆشە و ریزەکانی جێناهێڵێت، تەنانەت لەپێناو چوونە ریال مەدریدیش. هەروەها یانە سعودییەکەش نایەوێت دەستبەرداری ببێت.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، یانەی نەسڕ هاوینی رابردوو بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی وەبەرهێنا بۆ ئەوەی لاپۆرت بگوازێتەوە، بەمەبەستی رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولی سعودیە و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بۆیە دەیەوێت پارێزگاری لەم پلانە بکات.
 
باس لەوەش کراوە کە لاپۆرت لە سعودیە هەست بە دڵخۆشی دەکات، ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، کە بەدڵنیاییەوە ریال مەدرید ناتوانێت ئەو بڕە پارەیەی پێبدات، تەنانەت ئەگەر یاریزانەکە بەخواستنیش بچێتە مێرێنگێ.