فەرمی.. زاخۆ بەرامبەر شورتە بەبراوە هەژمارکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی شورتە بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سکاڵای لەسەر یارییپێکردنی سێ یاریزان کە هەڵبژاردەکانیان لە خوار ریزبەندی 90ـی جیهانن تۆمارکرد و سکاڵاکەی بردەوە.
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و شورتە، رۆژی 8-12-2023 لە یاریگەی زەورا بەڕێوەچوو، لە یارییەکەدا یانەی شورتە یاریی بە هەریەکە لە مەحموود مەواس، فەهد یوسف و عەبدولمەجید بوبەکر کرد کە ئەمەش پێچەوانەی یاسای یارییکردنی یاریزانانی پیشەگەرە، کە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا رێگە بە هیچ یانەیەک نادرێت یاری بە دوو یاریزان زیاتر بکات، کە ریزبەندی هەڵبژاردەکانیان لە فیفادا لەسەرووی 90ـەوە بێت.
 
بەپێی راگەیێنراوی لیژنەی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، یانەی شورتە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکەوە سزادەدرێت، سزایەکەشی بەمشێوەیەیە.
 
1- سزادانی یانەی شورتە بە ئەنجامی یارییەکە و هەژمارکردنی یارییەکە بە 3-0 لە بەرژەوەندیی یانەی زاخۆ و پێبژاردنی 15 ملیۆن دینار وەک سزای دارایی بۆ یانەی شورتە.
 
2 سزادانی عەلی جوەید، سەرپەرشتیاری یانەی شورتە، بۆ دوو مانگ.
 
ئەم یارییە لەکاتێکدا لە بەرژەوەندیی یانەی زاخۆ هەژمار دەکرێت، یانەی شورتە لە یارییەکەدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.