نهێنییەکانی شکستهێنانی چوونی بێلینگهام بۆ مانچێستەر یونایتد ئاشکرابوون


رووداو دیجیتاڵ

برایان رۆبسن، ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، تاوەکو ئێستا بەحەسرەتە بۆ شکستهێنانی مانچێستەر یونایتد، لە گرێبەستکردن لەگەڵ جود بێلینگهامی یاریزانی ئێستای ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
رۆبسن، نەچوونی بێلینگهام بۆ مانچێستەر یونایتد، بە"بێئومێدییەکی گەورە ناودەبات".
 
ئەو حەسرەتەی ئەفسانەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد باسیدەکات، بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە بێلینگهام تەمەنی 17 ساڵ بوو و هێشتا یاریزانی یانەی بێرمینگهام بوو.
 
رۆبسن قسەی بۆ میدیای بەریتانیا کردووە، دەڵێ، "ئەو هەموو شتێکی هەیە، رۆحێکی وەرزشیی گەورە، توانایەکی جەستەیی نایاب و بینینی قووڵ و لێهاتوویی.. ناتوانم باسی ئەوە بکەم چەندە هەست بەبێئومێدی دەکەم، کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە ئەو گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد نەکرد".
 
رۆبسن دەڵێ، "کاتێک چووم بۆ بینینی ئەو لە بێرمینگهام، دەمزانی ئەو یاریزانێکی گەورەی لێدەردەچێت. چاوم بەخۆی و دایبابی کەوت. ئەوکات سێر ئەلێکس فێرگسۆنیش لەوێبوو، لەگەڵ هەردوو ئەستێرەی پێشوو، ئێریک کانتۆنای فەرەنسی و ئۆلی گۆنار سۆلشایەری نەرویجی، ئێمە هەوڵی زۆرماندا بۆ ئەوەی رازیبکەین بێتە مانچێستەر یونایتد، بەڵام ئەو بڕیاریدا بچێتە بۆرووسیا دۆرتمۆند".
 
ساڵی 2020 لە کاتێکدا بێلینگهام تەمەنی تەنیا 16 ساڵبوو، بەڵام وردە وردە سەرنجی دەکەوتە سەر، سۆلشایەری راهێنەری ئەوکاتی یونایتد داوای گرێبەستکردن لەگەڵ بێلینگهامی کرد.
 
کارگێڕیی یانەکە، دەستەوارەیەکیان بەوردەکاریی تەواوەوە ئامادەکرد بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە لەپێناو چوونە یانەکە و سۆلشایەر و ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە، سەردانێکی بێلینگهام و ماڵباتەکەیان بۆ سەنتەری کارینگتۆن کە تایبەتە بەمەشقەکانی مانچێستەر یونایتد رێکخست، تاوەکو ئەو لاوە ئاگاداری وردەکارییەکانی یانەکە بێت و کارگێڕیی یونایتدیش بەروونی ویستی یاریزانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی و ئەندامانی خێزانەکەی بزانن.
 
لەپێناو زیاتر دڵنیاییدان بە بێلینگهام و خێزانەکەی و دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دەستەوارەکە، ناوی سێر ئەلێکس فێرگسۆن لەکاتی سەردانەکەدا خرایە روو تاوەکو لەنزیکەوە قسە لەگەڵ بێلینگهامدا بکات، بەڵام جۆن موتۆر، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئەوکاتی یانەکە، چاوپێکەوتنەکەی نێوان جود و فێرگی رەتکردەوە، چونکە ئەو دەیویست خۆی دەستەوارەکە رێکبخات و بەشێکی تێچووی گرێبەستەکە بۆخۆی ببات.
 
سەرچاوە نزیکەکانی نێو مانچێستەر یونایتد، ئاشکرایانکردووە، دوای چەند رۆژێک لە سەردانەکە و پاشئەوەی جود و ماڵباتەکەی بەچوونە یانەکە رازینەبوون، سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری ئەفسانەیی یونایتد، کاتێک زانیویەتی چاوپێکەوتنەکە و دەستەوارەکە سەریاننەگرتووە، بەتووندی بە موتۆری بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەدا هەڵشاخاوە و قسەی پێگوتووە، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە رەتیکردووەتەوە هیچ دەستێکی لە تێکدانی یەکتر بینینەکەی نێوان جود و فێرگسۆندا کردبێت، وایداناوە کە لێکتێنەگەیشتن لەپشت شکستی چاوپێکەوتنەکەوە بووە.
 
بێلینگهام، ساڵی 2020 لە بێرمێنگهام سیتییەوە روویکردە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ، هاوینی رابردوو بەرامبەر 103 ملیۆن یۆرۆ، پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد.
 
ناوەڕاستکارە ئینگلیزییە بەهرەمەندە تەمەن 20 ساڵییەکە، لەگەڵ ریال مەدرید ئاستێکی ناوازە پێشکێشدەکات، لە هەفتەکانی رابردوودا خەڵاتی گۆڵدن بۆی ساڵی 2023ی بردەوە بۆ باشترین یاریزانی لاو.
 
جود بێلینگهام لەگەڵ ریال مەدرید، لە 16 یارییدا لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ 15 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
بێلینگهام لە 15 یاریی یەکەمدا لەگەڵ ریال مەدرید، 14 گۆڵی تۆمارکردووە و بەوەش پێش هەموو ئەستێرەکانی مێژووی یانەکە کەوتووەتەوە لەو ژمارەیەی گۆڵدا، لە کاتێکدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەمان ژمارەی یارییدا 13 گۆڵ و زینەدین زیدان، لە هەمان ژمارەی یارییدا، 12 گۆڵیان تۆمارکردووە.