دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ لەسەر رووداوەکەی نێوان لیڤەرپوول و ئارسیناڵ روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ دێتە دەنگ و هۆکاری هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا بۆ یانەی لیڤەرپوول لە یارییەکان بەرامبەر ئارسیناڵ رووندەکاتەوە.
لە یاریی لووتکەی گەڕی 18ـی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفیڵد میوانداری ئارسیناڵی پێشەنگی خولەکەی کرد و یارییەکە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لە خولەکی 20ـی یارییەکەدا، لیڤەرپوول هێرشێك دەبات و تۆپ دەباتە نێو هێڵی سزای ئارسیناڵ، لەو کاتەدا تۆپەکە بەر دەستی مارتن ئۆدیگارد، ناوەڕاسکاری ئارسیناڵ دەکەوێت و یاریزانانی لیڤەرپوول و هاندەرانی نێو یاریگە دەستیان بەرزدەکەنەوە و هەمووان داوای لێدانی سزا دەکەن، بەڵام ناوبژیوانی یارییەکە داواکەیانی رەتکردەوە و بەردەوامی بە یارییەکەدا.
ئەو رووداوە مشتومڕێکی زۆری لە میدیاکان درووستکرد و دوای یارییەکە دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ روونکردەوەیاندا و گوتیان "راستە لە نێو هێڵی سزای ئارسیناڵدا تۆپەکە بەر دەستی مارتن ئۆدیگارد دەکەوێت، بەڵام یاریزانەکە دەستی بە ئاراستەی جەستەی دەبات و بە مەبەستی هاوسەنگکردنی خۆی ئەو کارە دەکات، بۆیە بڕیارەکەی ناوبژیوان درووستبووە بەوەی لێدانی سزای هەژمارنەکردووە و بەردەوامی بە یارییەکە داوە".
بەو یەکسانبوونە، یانەی ئارسیناڵ ژمارەی خاڵەکانی بۆ 40 خاڵ بەرزکردەوە و لە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ مایەوە، لیڤەرپوول و ئاستۆن ڤێلاش هەریەکان 39 خاڵیان هەیە و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.