رووداو دیجیتاڵ
ئاشقانی تۆپی پێ لە وڵاتی عومان بە هەواڵێک تووشی شۆک بوون، دوای ئەوەی مخەلەد ئەلرقادی، یاریزانی یانەی مەسقەت بەر لە یاریی یانەکەی کۆچی دواییکرد.
بەپێی رپاۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی عومان و راگەییندراوی میدیایی فەرمی عومان، مخەلەد ئەلرقادی، یاریزانی یانەی مەسقەت لە کاتی خۆگەرمکردنەوەدا بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر بە یانەی سوێق کەوتە سەر زەوی و کۆچی دواییکرد، دواتر ئآشکراکرا کە جەڵتەی دڵ لێیداوە.
دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە دەرکەوت کە یاریزانەکە دۆخی زۆر خراپە و هیچ کارێک بۆ رزگارکردنی ژیانی ناکرێ، پاش ماوەیەکی کەم مانەوە لە نەخۆشخانە، مخەلەد ئەلرقادی کۆچی دواییکرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، عومانییەکان تووڕەن و داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەن لێکۆلینەوە لە رووداوەکە بکەن، چونکە دوای بەربوونەوەی یاریزانە تەمەن 29 ساڵییەکە، هیچ ئەمبولانس و تیمێکی پزیشکی لە یاریگەدا نەبووە و بەهۆیەوە دواکەوتووە لە گەیشتنە نەخۆشخانە.
مخەلەد یاریزانی پێشووی یانەی فەنجا و ئێستای مەسقەت بوو، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عومانیش بوو، یەکێتیی تۆپی پێی عومان لە راگەیێندراوێکیدا سەرخۆشیی لە بنەماڵەی یاریزانەکە کرد.
" سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عومان و سەرجەم ئەندامانی یەکێتییەکە سەرخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی یاریزان مخەلەد ئەلرقادی و ئەنجومەنی یانەی مەسقەت دەکەین، سەرۆخشی لە تەواوی وەرزشوانان دەکەین و هیوادارین خوای گەورە لێیخۆشبێت" راگەیێندراوی یەکێتیی تۆپی پێی عومان.
ناڕەزایەتییەکان لە شەقامی وەرزشیی عومانی تادێت زیاتر دەبن، ئەوان پێیانوایە کە نابێت لە خولی نایابی عومان کە بەرزترین خولی تۆپی پێی وڵاتەکەیە ئەم رووداوانە بە ئاسانی تێبپەڕن و لە یارییەکی گەورەدا ئەمبوڵانس ئامادەنەبێت و ببێتە هۆکاری مردنی یەکێک لە یاریزانانی تۆپی پێی وڵاتەکە.
ئەوەی تووڕەیی هەوادارانی وەرزشیشی زیاترکرد ئەوەبوو کە یەکێتیی تۆپی پێی عومان یاریی نێوان هەردووو یانەی سیب و عومانی دوانەخست کە دوای دوو کاژێر لە مردنی یاریزانەکە لە هەمان یاریگەدا بەڕێوەچوو، لە سۆشیال میدیا هێرشی تووند کرایەسەر یەکێتییە وەرزشییەکە.
دواتر زۆرینەی یانەکانی عومانی و عەرەبی هاوخەمی و پشتگیری خۆیان بۆ بنەماڵەی یاریزانەکە و یانەی مەسقەت دەربڕی و نزای لێخۆشبوونیان بۆی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ