بەهۆی 65 یۆرۆوە، هالاند هەڕەشەی بەندکردنی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی نەرویج ئاشکرایانکردووە، ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هەڕەشەی بەندکردنی لەسەرە بەهۆی نەدانی تەنیا 65 یۆرۆ.
میدیای سویسرا ئاشکرایانکردووە، هالاندی هێرشبەری هەڵبژاردەی نەرویج، لەکاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕین سەرپێچیی کردووە و بەبڕی 65 یۆرۆ سزادراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەی سزاکەی نەداوە.
هەواڵەکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە نوێکردنەوەی گرێبەستی هالاند لەلایەن یانەی مانچێستەر سیتییەوە دەکەن، کە بەهۆیەوە ئەو هێرشبەرە دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە کە پێشبینیکراوە لە هەفتەیەکدا ببێتە نیو ملیۆن پاوەند.
رۆژنامەی 'بلیک'ی سویسری ئاشکرایکردووە، هالاند تاوەکو ئێستا بڕی سزاکەی نەداوە کە 60 فرانکی سویسرییە، کە بەرامبەرە بە 65 یۆرۆ، ئەوەش لە کۆتاییدا سەردەکێشێت بۆ بەندکردنی ئەو یاریزانە.
راپۆرتی رۆژنامەکە ئاشكرایکردووە، لە ئەگەری نەدانی 65 یۆرۆیەکەدا، هالاند رووبەڕووی بەندکردن بۆ ماوەی رۆژێک دەبێتەوە لە نێو خاکی سویسرا، بەڵام ئەو یاریزانە دەتوانێ سەردانی وڵاتەکە بکات و پارەی سزاکە بدات، بەرلەوەی نەدانی پارەکە ببرێتە دادگا.
ئالفی ئانجی، باوکی هالاند، ساڵی 2023 بەیەکجاری نەرویجی بەجێهێشت و روویکردە سویسرا بۆ ژیان. پێشبینیکراوە لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵدا، هالاند سەردانی باوکی بکات و لەویش کێشە یاساییەکە چارەسەر بکات.
هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە دۆخێکی باشدا نییە، جیا لەوەی تیپەکە لە پێنج یاریی رابردوودا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دووچاری شکست بووە، هالاندیش لە دوایین حەوت یاریی تیپەکەیدا، تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە.