بارسێلۆنا بڕیارێک لە دژ و لە بەرژەوەندیی لامین یامال دەردەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئەستێرەی لاوی تیپەکە، لامین یامال دەردەکات، کە لەپێناو پاراستنی ئەو یاریزانەیە، بەڵام لەوانەیە ناڕەحەتی بکات.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، بڕیارەکەی بارسا ئەگەرچی لەبەرژەوەندیی لامینە، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە، ئەو یاریزانە بەدڵی نابێت.
 
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسا، بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە گەڕی 14ی لالیگا نەکرد.
 
یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە 2 - 2 کۆتایی هات.
 
پێشتر لامینی 17 ساڵان، بەشداریی لە دوو یاریی وەرزی ئەمساڵی یانەکەیدا نەکرد و لە هەردوو یارییەکە بارسا دووچاری شکستبوو. بەرامبەر ئۆسەسۆنا و هەروەها ریال سۆسیێداد.
 
تۆڕی 'ریلیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، "دڵەڕاوکەیەک لە نێو بارسێلۆنادا هەیە لەبارەی ئەوەی بەسەر ئەو یاریزانە لاوەدا دێت، لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەش".
 
تۆڕەکە دەڵێ، "یانەکە پێیوایە زێدەڕۆیی لە دەرکەوتنی لامین لە میدیاکان و بۆنە تایبەتەکاندا هەیە. ئەگەرچی یانەکە توانی کۆنترۆڵکردنی میدیاکانی نییە، بەڵام بڕیاریداوە سنوور بۆ دەرکەوتنەکانی لە میدیاکان و بۆنەکاندا دابنێت".
 
تۆڕەکە هەروەها دەڵێ، "یانەکە کۆنترۆڵی وێنەی لامین دەکات. دەرکەوتنی لە چالاکییە گشتییەکان و ریکلامەکاندا کەمدەکاتەوە. چونکە هەموو سپۆنسەرەکان دەیانەوێت سوود لە درەوشانەوەی ئەو وەربگرن، بەڵام ئەوە کاریگەریی خراپ لەسەر یاریزانەکە دروستدەکات، هەربۆیە ئەوە کەمدەکرێتەوە".
 
ریلیڤۆ زیاتر روونیکردووەتەوە، "بەبڕیاری بارسێلۆنا، دەرکەوتنی لامین بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر. هەروەها یانەکە وای بەباش دەزانێت کە دەرکەوتنەکانی تەنیا لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی یانەکە بێت، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو گوشارەی لەسەریەتی".
 
وەک 'ریلیڤۆ' ئاشکرایکردووە، "ئامانجی یانەکە پاراستنی لامینە لە زۆر کەوتنە بەرچاوی میدیاکان، چونکە ئەو هێشتا لاوە و تەنانەت ئەگەر پێگەیشتووش بێت، پێویستی بەهاوکاری هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە دۆخانەدا".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەرچی بیرکردنەوەی بارسا لە بەرژەوەندیی لامینە، بەڵام لەوانەیە ئەو بڕیارە وەک خۆی وەرنەگرێت و قبووڵ نەکات، چونکە ویستی بۆ دەرکەوتنی میدیایی و تیشکی میدیاکان هەیە.
 
بارسێلۆنا، تاوەکو ئێستا پێشەنگی لالیگایە بەکۆکردنەوەی 34 خاڵ و بەجیاوازیی شەش خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم و حەوت خاڵیش لە ریال مەدریدی سێیەم، بەڵام ئەو یانەیە دوو یاریی کەمتر ئەنجامداوە".