سوپرایزە گەورەکە.. یانەیەک مێسی و دیماریا کۆدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەیەکی ئەرجەنتین سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ بازاڕی گواستنەوەی زستانە و کڕینی چەند یاریزانێک، لە نێویاندا لیۆنێل مێسی و ئانخیل دیماریا.
 
فێرناندۆ گاگۆ، راهێنەری یانەی بۆکاجۆنیۆرزی ئەرجەنتینی، ئاشکرایکردووە تیپەکەی دەستیبەکارکردووە بۆ ئەنجامدانی هەندێک گرێبەست لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، باسی هەندێک یاریزانی کردووە کە یانەکەی قسە لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵیان دەکات، لە نێویاندا مێسی و دیماریا.
 
لیۆنێل مێسی، لە یانەی ئینتەرمەیامی بەردەوامە و بەپێی سەرچاوەکان، هاوینی داهاتوو ئەو ئەستێرەیە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێدەکاتەوە. هەرچی ئانخێل دیماریای ئەستێرەی بێنفیکایە، لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
 
گاگۆ لە لێدوانی لە دوای یاریی تیپەکەی بەرامبەر یونیۆن لە خولی ئەرجەنتین گوتی، بەستنەوەی ناوی یانەکەمان بەگرێبەستکردن لەگەڵ لیۆناردۆ جیلی یاریزانی کۆلۆ کۆلۆ، درۆیەکی بێ بنەمایە، من لەوەتێدەگەم کە ناوی زۆر یاریزان بەیانەکەمانەوە دەبەستێرێنەوە.
 
گاگۆ، روونیکردووەتەوە کە تیپەکەی دەستیکردووە بەقسەکردن لەبارەی گرێبەستەکانی داهاتووەوە، دەڵێ، "قسەی بەردەوام هەیە لەبارەی پتەوکردنی تیپەکەمان، بەڵام هێشتا لیستەکەمان ئامادە نییە. ئێمە باسی چەندین ناو دەکەین، دەکرێ باسی مێسی بکەین، هەروەها دیماریا یان هەر کەسێکی دیکە.
 
گاگۆ زیاتر گوتویەتی، ئێمە بەبەردەوامی قسە دەکەین لەبارەی گرێبەستەکانەوە، بەڵام من هێشتا لیستی داواکارییەکانی خۆمم تەواو نەکردووە، دەکرێ لە رۆژانی دواتردا زیاتر لێی ورد ببینەوە.
 
گاگۆ لەگەڵ دیماریا کۆی 38 یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، لە کاتێکدا لەگەڵ مێسی 54 یاریی کردووە لەگەڵ تانگۆ.