رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دادگای فەرەنسا بڕیاریدا سزای یەک ساڵ زیندانیکردن بەسەر کەریم بنزیمای یاریزانی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیدا بسەپێنێت، بەبێ ئەوەی جێبەجێبکرێت، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا بەهۆی ئەو سزادانەوە بنزیما لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دەردەکرێت یان نا؟.
میدیای فەرەنسا بڵاویکردەوە، کەریم بنزیما بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ماتیۆ ڤالبوێنای یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لەلایەن دادگاوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ دەرچوو، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت و یاریزانەکە بە کەفالەت ئازا دەکرێت، جگە لەوەش یاریزانەکە بەبڕی 75 هەزار یۆرۆ سزادەدرێت.
دوای ئەم بڕیارەی دادگا، لە فەرەنسا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا بەهۆی ئەو بڕیارەوە جارێکی دیکە بنزیما لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دووردەخاتەوە، بەڵام هەرزوو نۆیل لو گرەیتی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، رەتیکردەوە ئەو سزادانە هیچ پەیوەندییەکی بە مانەوە یان دەرکردنی کەریم بنزیما لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنساوە هەبێت.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، گوتی "کەریم بنزیما لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەردەوام دەبێت و ئەو بڕیارەی دادگا هیچ پەیوەندییەکی بە یاریکردنی کەریم بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە نییە".
لو گرەیت هەروەها گوتیشی "هەر لە بنەڕەتدا نەک هەر هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە، بەڵکو هەر بیریشی لێنەکراوەتەوە".
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، زیاتر لەبارەی بنزیماوە، گوتی "ئێمە لەگەڵ کەریم دڵخۆشین، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا پێشکەشی دەکات، بەڕاستی ئەو یاریزانێکی زۆر باشە و لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان ئاستێکی باش پێشکەش دەکات، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەردەوام نەبێت".
لو گرەیت هەروەها گوتیشی "دیشامپ راهێنەری هەڵبژاردەکەمانە، بڕیاری سەرەتا و کۆتایی سەبارەت بە بانگهێشتکردنی بنزیما لەدەستی خۆیدایە، یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا هیچ لارییەکی نییە لەوەی کەریم یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات".
کەریم بنزیما بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستی هەبووە لە هەوڵێک بۆ ئابڕووبردنی ڤالبوینای هاوڕێی، کە دواتر بەهۆی ئەو رووداوەوە بنزیما لە هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخرایەوە و دوای نزیکەی 7 ساڵ ئینجا دیدێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2020 بانگهێشتیکردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی نەیانتوانی نازناوەکە ببەنەوە، بەڵام دواتر کەریم سەرکردایەتی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی نەیشنلیگ.
ئێستا فەرەنسییەکان دڵیان بەوە خۆشە کە کەریم بنزیما لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ و ئانتوان گریزمان دەتوانن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەر ببینن بۆ ململانێکردن لەسەر نازناوی مۆندیال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ