عەدنان درجال بۆ رووداو: ئادڤۆکات وازی لە راهێنەرایەتیی عێراق هێناوە و جێگرەوەکەشی دیاریدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێوەیەکی فەرمی، دیک ئادڤۆکاتی راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و داوای لێبوردنی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد.
 
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە کە دیک ئادڤۆکات بەفەرمی وازی لە پۆستی راھێنەرایەتیی ھەڵبژاردەی عێراق ھێناوە، ئەمەش بەهۆکاری تایبەت.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئادڤۆکات داوای لێبوردنی لە یەکێتییەکە کردووە کە ناتوانێت چیدیکە لەگەڵیان بەردەوامبێت، میدیاکانی عێراقیش هۆکاری وازهێنانی ئادڤۆکات بۆ نەخۆشکەوتنی هاوژینەکەی دەگەڕێننەوە.
 
ئەحمەد عۆدە زامل، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند: ئادڤۆکات زۆر بەداخەوەبوو بۆ ئەو بڕیارەی و داوای لێبوردنی لە یەکێتییەکەمانکرد، داوای لێبوردنیشی سەبارەت بە ئەنجامەکانی کرد کە لەگەڵ عێراق لە ماوەی نزیکەی چوار مانگەدا نەیتوانی هیچ بردنەوەیەک لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال تۆماربکات.
 
گوتەبێژی تۆپی پێی عێراق گوتیشی: ئادڤۆکات ئامادەیی خۆی دەربڕیوە وەک راوێژکار کار لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بکات ئەگەر یەکێتییەکە رازیبن، لە جێگەی ئەویش بۆ پاڵەوانێتیی جامی عەرەبی ژێلیکۆ پیترۆڤیچی یاریدەدەری دووەمی ئادڤۆکات سەرپەرشتی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق دەکات.
 
دیک ئادڤۆکاتی هۆڵەندی، کە تەمەنی 74 ساڵە و پێشتر سێ جار وەک راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا و راهێنەرایەتیی زیاتر لە 15 یانە و هەڵبژاردەی ئەوروپی و ئاسیایی کردووە، بەڵام لەگەڵ عێراقدا خراپترین ئەنجامی لە مێژووی کاروانی راهێنەرایەتیی خۆیدا تۆمارکرد کە لە شەش یاریدا هیچ بردنەوەیەکی نەبوو.
 
ژێلیکۆ پێترۆڤیچ، ئەو راهێنەرەی کە جێگەی دیک ئادڤۆکات دەگرێتەوە لە هەڵبژاردەی عێراق بە رەچەڵەک خەڵکی مۆنتێنێگرۆیە، پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی یوگسلاڤیا بووە، لە ساڵی 2004 وازی لە یاریکردن هێناوە، دیاترین ئەو یانانەی یاریی بۆ ئەنجامداون، یانەکانی سێڤییای ئیسپانی، ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، دینامۆ زاگریبی کرواتی، ئوراوا رێدی ژاپۆنی بووە، وەک راهێنەریش لەگەڵ زۆرێک لە یانەکان و هەڵبژاردەکان کاری کردووە، بەڵام لە زۆرینەیاندا وەک یاریدەدەر بووە، دوایینجار کە وەک راهێنەر دەرکەوتووە ئەم ساڵ بوو لەگەڵ یانەی ڤیلییەمی هۆڵەندی، بەر لەوەی ببێتە یاریدەدەری دیک ئادڤۆکات لە هەڵبژاردەی عێراق.