وەین روونی: حەزمدەکرد لەگەڵ مێسی لە بارسێلۆنا یاری بکەم

24-11-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن وەین روونی بارسێلۆنا لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتال

وەین روونی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دان بەوەدا دەنێت، کە سەردەمێک حەزیکردووە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد جێبهێڵێت و بچێت لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی یاری بۆ یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بکات.

وەین روونی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دانی بەوەدانا کە لە هاوینی 2010 یاریگەی ئۆلترافۆردی هەژاندووە، کاتێک بە فەرمی داواکارییەکی پێشکەشی کارگێڕیی یانەی مانچێستەر یونایتد کردووە و داوایلێکردوون رێگەی پێبدەن ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت.

روونی لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێت "چەند رۆژێک بیرم لەوەدەکردەوە بچمە ریزەکانی بارسێلۆنا و لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا، لەگەڵ مێسی، چاڤی، ئینێستا و بۆسکێس یاری بکەم".

یاریزانی ئێستای یانەی دێربی کاونتی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەوکات بیرم لەوە کردەوە بچمە بارسا، من ئامادەبووم بۆ ئەوەی بچمە خولی ئیسپانیا، بەڵام وادیارە ئەوکات ریال مەدرید لە بارسێلۆنا زیاتر دەیویست بمباتە ریزەکانی، هەروەها یانەی چێڵسیش هەمیشە بایەخی بە تواناکانم دەدا".

روونی دەشڵێت "من خەونم بەوەدەبینی درێسی بارسا لەبەربکەم و لەگەڵ مێسی یاری بکەم، لەبیرمە رۆژێک دانیشتبووم، بیرم لەوەدەکردەوە لە تەنیشت مێسی، چاڤی، ئینێستا و بۆسکێسەوە یاری بکەم".

واین روونی بە درێسی مانچێستەر یونایتدەوە دوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بە بارسێلۆنا دۆڕاندووە، یەکەمیان ساڵی 2009 لەسەر یاریگەی ئۆڵمپی لە رۆما و دووەمیشیان لە ساڵی 2011 بوو، لەسەر ایریگەی وێمبلی.

روونی لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ، وەک چێڵسی و مانچێستەر سیتی هەوڵیان دەدا گرێبەستم لەگەڵ بکەن، هەروەها ریال مەدریدی ئیسپانیش، بەڵام نەمدەویست بچمە ئەو یانانە".

وەین روونی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد مایەوە تاوەکو 2017، ئینجا گەڕایەوە ریزەکانی اینەی ئێڤێرتۆن، دواتر چووە خولی ئەمریکا و ئێستاش یاریزان و راهێنەری یانەی دێربی کاونتییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە