دوای 19 ساڵ هیلال چامپیۆنزلیگی گەڕاندەوە سعودیە

24-11-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هیلالی سعودی
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای 19 ساڵ چاوەڕوانی جارێکی دیکە، یانەی هیلالی سعودی گەڕایەوە سەر سەکۆی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیا، دوای ئەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەو کیشوەرەی بردەوە.

هیلال لە یاری گەڕانەوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سایتاما 2002، بەرامبەر یانەی ئوراوا رێدز دیامۆندزی ئەو وڵاتە یارییکرد و سەرکەوتنی یاری چوونی لەنێو یاریگەی خۆیدا دووبارەکردەوە، بەڵام ئەمجارە بە ئەنجامێکی گەورەتر.

لە گێمی یەکەمدا یانە سعودییەکە بۆ بەرگریکردن لەو ئەنجامەی لە یاری چووندا بەدەستیهێنابوو، بەسەرکردایەتی بافیتیمبی گۆمێز و سێباستیان جۆڤینکۆ بە هێرشبردن دەستیانپێکرد، بەڵام ئەو گێمە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و یاریزانانی هەردوو یانە بەدەستبەتاڵی گەڕانەوە بەردەم راهێنەرەکانیان.

لە گێمی دووەمدا ئوراوا وەک گێمی یەکەم بەبەرگری یارییکرد بۆ ئەوەی یانە رکابەرەکەی ماندووبکات و دواتر هەوڵ بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بدات، بەڵام بەر لەوەی ئەوان ئەو کارەبکەن، لە خولەکی 74 سالم ئەلدوسەری گۆڵێکی بۆ یانە سعودییەکە تۆمارکرد، هیوای ژاپۆنییەکانی بەتەواوی لەناوبرد.

لە خولەکی 92 شێرەکەی هیلال، بافتیمیبی گۆمێز واژۆی لەسەر گۆڵی دووەمی سعودییەکان کرد، خۆیشی بووە خاوەنی 11 گۆڵ و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.

هیلال یارییەکەی بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ جاری سێیەم لە مێژوودا و یەکەمجار لە دوای 19 ساڵ گەڕایەوە سەر سەکۆی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیا و جامی چامپیۆنزلیگی گەڕاندەوە ریاز.

جگە لەوەش هیلال بەبردنەوەی ئەم نازناوە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان دەکات کە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە