خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق بەردەوامە

رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق بۆ کۆمەڵەی باشووری کوردستان لە هەولێر بەردەوامە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە پاڵێوراوێکی بەهێزە بۆ بردنەوەی نازناوەکە سەرکەوتنی بەسەر یانەی شێروانە بەدەستهێنا، راهێنەری یانەکە بە رووداوی گوت، ئێمە زۆر لە ساڵی رابردوو باشترین و ئەنجامی باشتریشمان دەبێت.

پێشمەرگەکانی سلێـمانی هەنگاو دەنێن بۆ نوسینەوەی سەرکەوتنێکی دیکە و مانەوەی شکۆمەندییان خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق.

یارییەکانی کۆمەڵەی کوردستان و باکووری عێراق لە ناو هۆڵی فەڕەنسۆ هەریری شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە یارییەکی یەکلایەنەدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و یانەی شێروانە رووبەروی یەک بوونەوە، کوڕانی پێشمەرگە گرەوی سەرکەوتنیان بردەوە بە ئەنجامی سێ گێمی خاوێن.

یانەی شێروانە یەکەم وەرزە بەختی خۆی تاقیدەکاتەوە لە خولەکەدا، بەڵام نەبوونی پاڵپشتی وایکردووە نوێنەرەکەی گەرمیان ئاستێکی باش نمایش نەکات.

یارییەکانی کۆمەڵەی کوردستان و باکووری عێراق بە بەشداریی سێ یانەیە، دوای تەواوبوونی یارییەکان دوو یانە سەردەکەون بۆ قۆناخی بژاردە و رووبەروی یانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبنەوە.