پەیامی ماڵئاوایی جێرارد


رووداو - هەولێر

کاپتنی پێشووی یانەی لیڤەرپوول ستیڤن جیرارد بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەفەرمی وازی لە یاریکردن هێنا.

دوای 19 ساڵ یاریکردن لە ساڵی 1997 ەوە تاوەکو ئێستا یاریزانە ئینگلیزییەکە یانەی لۆس ئەنجلێس گالاکسیی کردە دوایین کاروانی وەرزشی خۆی و بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.

چەند رۆژێک پێش ئێستا جیرارد رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکە یانەکە بەجێدەهێڵێت، هەر ئەوەش وایکرد هەر زوو مێدیا باسی وەرگرتنی پۆستێکی کارگێری لەلایەن یاریزانەکە لە یەکێک لە یانەکان بکات.

لە لێدوانێکدا ستیڤن جێرارد رایگەیاندووە، سوپاسی بۆ هەمووان لە لیڤەرپوول، شانازی بەوەدەکەم ماوەیەکی درێژ سەرکردایەتی ئەو تیپەم کردووە، یەکەمجار کە بەرامبەر بلاکبێرن رۆڤێرز یاریم کرد لەو بڕوایەدا نەبووم هەژدە ساڵی دیکە بەدوای ئەوەدابێت، سەربڵندم کە 700 یاریم لەگەڵ لیڤەرپوول ئەنجامداوە. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێرارد گوتی، شانازی بە رۆڵە کاریگەرەم دەکەم کە لەگەڵ یانەکەم لە پاڵەوانێتییە گەورەکان هەمبووە و توانیوومە جارێکی دیکە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بگەڕێنمەوە ئانفێڵد رۆد، هیچ شتێکی وەک شەوەکەی ئیستانبۆڵ دووبارەنابێتەوە کاتێک لە 2005 نازناوەکەمان بردەوە، سوپاسی هەموو ئەو هاندەرە باشانە دەکەم کە پاڵپشتیان کردم.

یاریزانە ئینگلیزییەکە 862 یاری فەرمیی لەگەڵ لیڤەرپوول ئەنجامدا و 212 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد، لە کاروانی وەرزشیی لەگەڵ رێدز دوو جار جامی ئینگلتەرا، سێ جار جامی یانە پیشەگەرەکانی ئینگلتەرای بۆ یانەکە بردەوە.

جێرارد یەکێک لە یاریزانە هەرە کاریگەرەکانی یانەکەبوو کاتێک لە وەرزی 2004 – 2005 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایان لەگەڵ یانەکە بردەوە، کاتێک لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بە لێدانەکانی یەکلایکەرەوە سەرکەوتنیان بەسەر یانەی میلانی ئیتاڵی بەدەستهێنا.

جێرارد لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2001 بەرامبەر یانەی دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانەکە تۆمارکرد و هەر لە هەمان ساڵیشدا جامی سوپەری ئەوروپایان بردەوە کاتێک لە یانەی بایرن میونشنیان بردەوە.

ستیڤن لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بەهەمان شێوەی دیڤید بێکهام، فرانک لامپارد، جۆ کول و مایکل کاریک نازناوی پرێمەرلیگی نەبردووەتەوە.

جێراردی لە دایکبووی 30- 5- 1980 لە مۆندیالی 2002 بەهۆی پێکانەوە نەیتووانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکات، بەشداریی لە یۆرۆی 2004 و 2012 لەگەڵ هەڵبژاردەکە کردووە.
ئینگلتەرا لە قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2010 لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالی 2014 ماڵئاواییکرد کاتێک جێرارد کاپتنی یانەکەبوو.