فایزە عەماری: ئێمباپێ لەسەر میلان جنێوی بەهەمووان دەدا


رووداو دیجیتاڵ

فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەندێک زانیاریی لەبارەی منداڵیی کوڕەکەیەوە ئاشکراکردووە، دەڵێ ئەو لە منداڵیدا هاندەری سەرسەختی میلانی ئیتاڵی بوو.
 
قسەکانی دایکی ئێمباپێ، بەر لە رۆژێک لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان پاریس سانجێرمان و میلان لە چامپیۆنزلیگ، بووەتە جێگەی سەرنجی میدیاکان.
 
سبەی چوارشەممە، لەگەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگدا، سانجێرمان و میلان لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، لە میانی یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
عەماری، کە هاوکات بەڕێوەبەری کارەکانی کوڕەکەیەتی، قسەی بۆ میدیای ئیتاڵی کردووە، دەڵێ، "ئێمباپێ لە نێو هاندانی میلاندا نوقم بووبوو، هەر لە منداڵییەوە بەو شێوەیە بوو، کاتێک دەگەڕایەوە ماڵەوە، تەنیا باسی میلان و یارییکردنی میلان و یاریزانەکانی ئەو یانەیەی دەکرد".
 
چارەنووسی ئێمباپێ تاوەکو ئێستا جێگەی سەرنجی هەموو دونیایە. ئەو یاریزانە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا نوێنەکردووەتەوە.
 
دایکی کیلیان گوتوویەتی، "ئەگەر میلان بدۆڕایە، کیلیان ئەوەندە تووڕە دەبوو کە دەکرا کۆنترۆڵی تەلەڤزیۆنەکە فڕێ بدات و بیشکێنێت و بەزمانی ئیتاڵی جنێو بەهەمووان بدات".
 
دایکی ئەستێرە فەرەنسییەکە زیاتر دەڵێ، "بۆ یارییەکەی سبەی، کیلیان ناچارە ئاستێکی باش پێشان بدات، چونکە ئەگەر ئەوە نەکات، هاوڕێیانمان لە ماڵباتی ریکاردی، گاڵتەی پێدەکەن".
 
ماڵباتی ریکاردی ئەو ماڵباتە ئیتاڵییەیە کە کیلیان بەمنداڵی بەهۆی تێکەڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی خۆی، زۆر لێیانەوە نزیکبووە. ماڵباتی ریکاردی هەروەها ئەو درێسەیان بەدیاریی داوەتە کیلیان کە لەوێنەیەکی بەناوبانگی منداڵیدا لەبەری کردووە.
 
عەماری لەبارەی ئەو درێسەوە دەڵێ، "ئەو بەردەوام ئەو درێسەی میلانی لەبەردەکرد لە کاتی مەشقەکاندا و داینەدەنا تاوەکو دەچووە نێو جیگاوە. کیلیان هەروەها درێسی ریال مەدرید و فەرەنسا و پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتدیشی بەهۆی رۆناڵدۆوە لەبەردەکرد، ئەو هەمیشە بەهێرشبەرە مەزنەکان سەرسامبوو".
 
دایکی کیلیان لە کۆتاییدا گوتوویەتی، "ئەگەر بەر لە پانزە ساڵ بیانگوتایە کیلیان دەبێتە پاڵەوانی یارییەکەی سانجێرمان و میلان، هیچ کەس باوەڕی نەدەکرد".
 
کیلیان ئێمباپێ جیا لە دەرکەوتنی بەدرێسی میلانی ئیتاڵییەوە، بەردەوام خۆشەویستی بۆ ریال مەدریدی ئیسپانیش دووپاتکردووەتەوە و سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی داهاتووی ئەو یاریزانە، لە ریال مەدریدی ئیسپانییە.