یاریزانێکی تەمەن 22 ساڵ شکست بە ئێمباپێ دەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی یەکەمی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە و لای زۆر کەس، باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە، بەڵام لە پاریس سانجێرمان لەسەر دەستی لاوێک تووشی شکست بووە.
 
ئەو ناوبانگ و ئەستێرەبوونەی کیلیان، لە رووی ژمارەوە لە یانەکەی نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەئەستێرەی یەکەمی یانەکە بمێنێتەوە.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، کیلیان دڵخوازترین یاریزانی یانەکە نییە، بەڵکو کانگ ئین لی، ناوەڕاستکاری یانەکە، پێش کیلیان کەوتووەتەوە لای هاندەرانی سانجێرمان.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵە کۆرییە، یاریزانی هەرە لە پێشە لە فرۆشتنی درێسەکانی سانجێرمان و زۆرترین درێسی فرۆشراو تاوەکو ئێستا لە سانجێرمان، درێسەکەی کانگە، کە بەجیاوازییەکی کەم لە فرۆشدا، پێش کیلیان کەوتووە.
 
ناوەڕاستکارە کۆرییەکە، هاوینی رابردوو لە ریال مایۆرکای ئیسپانییەوە پەیوەندی بەپاریس سانجێرمانەوە کرد. گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵە و لە بنەمادا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هێنراوەتە یانەکە کە رۆیشتنی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و نەیمار داسێلڤا لە پێکهاتەی تیپەکەدا دروستیانکردووە.
 
ئەگەرچی کانگ پێشبینیکراوە ببێتە ئەستێرەیەکی دیاری یانە فەرەنسییەکە، بەڵام ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا بەهۆی پێکانەوە بەشداریی لە تەنیا سێ یاریی یانەکەدا کردووە و نە گۆڵی کردووە و نە ئەسیستی هەیە.
 
ئەوەی سەرنجی هاندەرە پاریسییەکانی بردووەتە سەر ئەو یاریزانە لاوە، وەکئەوەی رۆژنامەکە باسیکردووە، درەوشانەوەی ئەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور کە لە دوو یاریی هەڵبژاردەکەدا بەرامبەر هەریەکە لە تونس و ڤێتنام، سێ گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئەو یاریزانە هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشووردا میدالیای زێڕی تۆپی پێی لە ئۆڵمپیادی 2022ی ئاسیا بەدەستهێناوە و بەباشترین یاریزانی تازەپێگەیشتووی ئاسیاش بۆ ساڵی 2019 دەستنیشانکراوە.
 
کانگ یەکەم یاریزانی کۆرییە لە مێژوودا یاریی بۆ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بکات.