"مان یونایتد بەم مەرجە دەستبەرداری رۆناڵدۆ دەبێت"

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتد ئینگلیزی بەمەرج ئامادەیە دەستبەرداری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەکەی ببێت.
 
رۆژنامەی ئاتلێتیکی بەریتانی دەڵێت " یانەی مانچێستەر یونایتد لاریی نییە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەگەر یانەیەک هەبێت رژدبێت لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە، یونایتد بۆ ئەم بڕیارە ئامادەیە، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەداتە دەست کریستیانۆ خۆی بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەکلابکاتەوە."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پرسیاری سەرەکی لەم بارودۆخەدا ئەوەیە، رۆناڵدۆ دەستبەرداری لایەنی دارایی دەبێت؟.
 
ئاتلێتیک زیاتر دەڵێت " مانچێستەر یونایتد پارەی تەواوی بەردەست نییە، بۆ ئەوەی مافە داراییەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەسەریەک بدات."
 
بەپێی سەرچاوەکە، بەڕێوەبەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانە ئەوروپییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە رۆناڵدۆ هاوینی رابردوو ئامادەبووە بەشێکی مافە داراییەکانی کەمبکاتەوە، بەڵام هیچ یانەیەکی بەشدار لە چامپیۆنزلیگدا داوای ئەو یاریزانەی نەکردووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندییەکی خراپی لە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتد هەیە، میدیای بەریتانیا دەڵێت " چێڵسی ئێستاش بیر لە گواستنەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییە دەکاتەوە."