نوێترین هەڤپەیڤینی کەریم بنزیما: حەزدەکەم کاپتنی تیپەکەم بم

24-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما هەڵبژاردەی فەرەنسا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا باسی باڵۆن دۆر، کلاسیکۆ، داهاتووی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی و زینەدین زیدان دەکات، دووپاتیشیدەکاتەوە کە یاریی کلاسیکۆ گوشارێکی گەورەیە بۆ خۆیان و بارسێلۆناش.
 
کەریم بنزیما، لەو هەڤپەیڤینەدا سەرەتا باسی هەڵبژاردەی فەرەنسای کرد و گوتی "شانازی بە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوم لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکەم، کە دوای قوربانییەکی زۆر بەدەستهات، ئەگەرچی پێشتر لە ساڵی 2004 لەگەڵ هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی فەرەنسا نازناوی یۆرۆم بەدەستهێناوە".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەوکات من تەمەنم 17 ساڵ بوو، ئێستا گەیشتوومەتە 33 ساڵ، هەستدەکەم ساڵەکان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن".
 
کەریم زیاتر گوتی "ئومێد و بڕوام بە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەبوو، لەبەرئەوەی یاری بۆ ریال مەدرید دەکەم، کە باشترین تیپی جیهانە و هەلی ئەوەم بۆ دەڕەخسێنێت رکابەری لەسەر ئاستێکی بەرز بکەم، بۆیە هیوام لەدەستنەدابوو".
 
یاریزانی فەرەنسی بەڕەچەڵەک جەزائیری، سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، گوتی "لە یاریی بەلجیکادا من و ئێمباپێ لەسەر ئەوە رێکنەکەوتبووین کە ئەو لێدانی سزا جێبەجێبکات، بەڵام ئەو پێویستی بەوەبوو گۆڵێک بکات بۆ بەرزکردنەوەی ورەی، چونکە ئەو سەرەڕای کەمی تەمەنی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، یاریکردن لەگەڵ ئەو ئاسانە".
 
سەبارەت بە رۆڵی خۆیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، بنزیما گوتی "رۆڵی من ئاسان و ساددەیە، گۆڵکردن و پاسدانە و هەر کاتێکیش پێویست بێت رێنمایی هاوڕێکانم دەکەم، تەنیا لە کاتی پێویستدا قسە دەکەم، لە بۆنە گەورەکاندا زیاتر قسە دەکەم، پێموایە قسەکردن بۆ هاوڕێکانم لەنێو یاریگەدا گرنگترە لەنێو ژووری جلگۆڕین، ئەوکاتانەی هانیاندەدەم، یان ئەوکاتانەی دەدۆڕێین یان لە کاتی لەدەستدانی هەلی گۆڵکردن".
 
هێرشبەری فەرەنسی، باسی نیشانەی کاپتنیشی کرد و دووپاتیکردەوە "حەزدەکەم کاپتن و سەرکردەی تیپەکەم بم و لە گرنگی ئەو رۆڵە کەم ناکەمەوە".
 
بنزیما باسی ئەوەشی کرد، کە کارکردنی رۆژانە، خۆشەویستیی تۆپی پێ، خواردنی باش و خەوتن یارمەتیت دەدەن ماوەیەکی درێژ بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکەیت، خەونی من بەشداریکردنە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە بردنەوەی نازناوەکە ئامانجی هەمووانە".
 
ئەو زیاتر باسی مۆندیالی 2022ـی قەتەری کرد و گوتی "با بزانین ئەوە دوایین مۆندیال دەبێت بۆ من یان نا، من ساڵ بە ساڵ یاری دەکەم و نازانم دوای دوو یان سێ ساڵی دیکە چی روودەدات و ئاستی من چۆن دەبێت، بەڵام تاوەکو حەزم لە یاریکردن بێت و لە رووی جەستەییەوە ئامادەبم هەر لەنێو یاریگەکاندا دەمێنمەوە".
 
کاپتنی دووەمی یانەی ریال مەدرید، بەراوردی نێوان کارلۆ ئەنچیلۆتی و زینەدین زیدانیشی کرد و گوتی "من کارلۆ بە باشی دەناسم بەهۆی ئەوەی پێشتر لە 2014 کارم لەگەڵی کردووە، گوتارەکەی ساددەیە و قسەکردنی لەگەڵ من نەگۆڕاوە، ئەو بەردەوام پێمدەڵێت چێژ بە هاندەران ببەخشە".
 
هەروەها گوتیشی "زیدان هەمیشە پشتگیری لێدەکردم، ئەو دەیزانی لە کاتە سەختەکاندا چۆن هانمدەدات و لە رووی هزرییەوە باشترم دەکات، ئەو وایلێکردم زیاتر متمانەم بەخۆم بێت، ئەو بۆ من وەک برایەکی گەورە بوو، رۆژانە قسەمان دەکرد، زۆر شت هەیە ناتوانم بە 30 چرکە باسیان بکەم، من زۆر رێز لە زیدان دەگرم، ئەو رۆڵێکی گەورەی هەبووە لەوەی من پێیگەیشتووم".
 
بنزیما ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە شانازی بەوە دەکات کە دوای مارسێلۆ کاپتنی دووەمی ریال مەدریدە و گوتی "نیشانەی کاپتنی هێز و متمانەم پێدەبەخشێت". دووپاتیشیکردەوە کە ئەو گرنگی بە ئامارەکان نادات و گوتی "دوای وازهێنان لە یاریکردن گرنگی بە ئامارەکان دەدەم".
 
کریم بنزیما، باسی یاریی کلاسیکۆی ئەمڕۆشی کرد و رایگەیاند "هەموو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، نەک هەر بارسێلۆنا و ریال مەدرید، ئەم یارییە گوشارێکی زۆر لەسەر ئێمە و ئەوان دروستدەکات، بۆ هەردوولاش زۆر گرنگە، بێگومان هەوڵدەدەین ببەینەوە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جوانترین گۆڵی لە کلاسیکۆدا؟ بنزیما گوتی "جوانترین گۆڵی خۆم لە کلاسیکۆدا لە وەرزی رابردوودا تۆمارم کردووە، گۆڵێکی جوان بوو، بە پاژنەی پێ تۆمارمکرد و بووە هۆکاری بردنەوەیەکی شایستە بۆ ئێمە".
 
قسە هاتە سەر باڵۆن دۆر و ئەستێرەی فەرەنسی لەبارەیەوە گوتی "دڵخۆشم کە یەکێکم لە 30 بەربژێرەکەی باڵۆن دۆر، بردنەوەی ئەو خەڵاتە خەونی منداڵیمە، بێگومان خەڵاتێکی تاکەکەسییە، بەڵام لای من خەڵاتێکی بەکۆمەڵە، چونکە بە مانای خەڵاتکردنی کۆششی تیپێک دێت، یانە بێت یان هەڵبژاردە". هەروەها گوتیشی "بەڵام لای من گرنگترین شت ئەوەیە لە هەموو یارییەکدا چێژ بە هاندەران ببەخشی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە