کۆمان: ئێمە لە ماڵی خۆمانین و لە ریال مەدرید ناترسین

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هۆڵەندی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رایگەیاند، ئەوان لە ریال مەدرید ناترسن، چونکە لەنێو ماڵی خۆیاندا یاری دەکەن.
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:15 بە کاتی باشووری کوردستان، لە گەڕی 10ـی لالیگادا، یاریی کلاسیکۆی لالیگا بەڕێوەدەچێت، کاتێک یانەی بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی کامپ نودا میوانداری یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی دەتوانێت یارییەکی باش بەرامبەر ریال مەدرید بکات و گوتی "ناکرێت ئێمە و ئەوان تووشی شۆک بین، هەردووکمان پێشبینی دەکەین هەر شتێک رووبدات، ئەوان تیپێکی خاوەن ئەزموونن و یاریزانی زۆر بەتوانایان هەیە، بەڵام بۆ ئێمە کۆنترۆلکردنی تۆپ زۆر گرنگە".
 
سەبارەت بە ترسی جەماوەری کامپ نو، کۆمان گوتی "نازانم جەماوەری ئێمە بەو شێوەیە متمانەی لەدەستداوە یان نا؟ ئێمە نازانین چی روودەدات، بەڵام دەزانین کە چیمان لەبەردەستدایە و دەتوانین چی بکەین، ئێمە لە ماڵی خۆماندا یاری دەکەین، ئێمە ناترسین".
 
راهێنەری هۆڵەندی، پێشبینی دەکات یاریی کلاسیکۆی ئەمجارە لە لایەن هەردوو لاوە داخراو بێت، بۆیە جەختی لەسەر گرنگیی ئەوە کردەوە کە پێویستە هێرشبەران لەبەردەم گۆڵی تیپی بەرامبەردا چالاک بن و دەرفەتەکان بە باشی بقۆزنەوە و گۆڵ تۆمار بکەن.
 
کۆمان، هەروەها لەبارەی خاڵە بەهێزەکانی تیپەکەی، روونیکردەوە "دەبێت ئێمە کۆنترۆلی تۆپ و گۆڕەپانەکە بکەین، بڕواناکەم زۆر هەلی گۆڵکردنمان بۆ بڕەخسێت، یارییەکە پشت بە چالاکی هێرشبەران دەبەستێت، هەر یاریزانێک پێویستە لەم یارییەدا هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ".
 
دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ بەسەر لالیگادا، بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ پلەی هەشتەمی ریزبەندیی گرتووە، ریال مەدریدیش 17 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە، هەردوو یانەش یارییەکیان کەمتر کردووە.