یانەکانی پرێمەرلیگ گلەییان لە شێوازی یارییکردنی ئارسیناڵ هەیە

24-09-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی ئارسیناڵ پرێمەلیگ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ ناڕەزایی خۆیان لەسەر تاکتیکێکی یانەی ئارسیناڵ لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ دەردەبڕن و بە فێڵکردن لە یاساکانی تۆپی پێی ناودەبەن.
 
یەکشەممەی رابردوو، یانەی ئارسیناڵ لە یارییەکی مشتومڕهەڵگردا لەگەڵ مانچێستەر سیتی یەکسانبوو، ئەنجامی یارییەکە مشتومڕی زۆری بەدواداهات، بەتایبەت کە یاریزانان و راهێنەرانی هەردوو یانە، گلەییان لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی.
 
ژمارەیەک یانەی پرێمەرلیگ، لەنێویاندا مانچێستەر سیتیش، ناڕەزایی خۆیان دەربارەی شێوازی جێبەجێکردنی تۆپە جێگیرەکانی ئارسیناڵ دەربڕیوە. بە فێڵکردن لە یاساکان لە قەڵەمی دەدەن و داوا لە دەستەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ دەکەن سنوورێک بۆ ئەو کارە دابنێن.
 
ئارسیناڵ لە لێدانە وەستاوەکان چی دەکەن؟
 
یانەی ئارسیناڵ بە شێوازێکی جیاواز لە یانەکانی دیکە لێدانە وەستاوەکان یان تۆپە جێگیرەکان جێبەجێ دەکەن. ئەو یانەیە بە سوود وەرگرتن لە تۆپی پێی ئەمریکی، تاکتیکێکی نوێیان داناوە، ئەو تاکتیکە بریتییە لە جووڵەی یاریزانەکان بە شێوەیەک کە رێگری لە بەرگریکارەکان و گۆڵپارێزی بەرامبەر بکەن لەوەی بگەن بەو شوێنەی کە تۆپەکەی بۆ ئاراستە دەکرێت.
 
بەرپرسی ئەم تاکتیکەی ئارسیناڵ، یارمەتیدەری ئارتێتا، نیکۆلاس جۆڤەرە. ئەو راهێنەرە پسپۆری رێکخستنی لێدانە راستەوخۆکانە و پێشتر ئارتێتا لە مانچێستەر سیتی کاری لەگەڵ کردووە و لە کاتی رۆیشتنی بۆ یانەی ئارسیناڵ لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی و ئەرکی رێکخستنی ئەو لێدانانەی گرتووەتە ئەستۆ.
 
لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆکانی ئارسیناڵ، جۆڤەر لە شوێنی ئارتێتا دێتە سەر هێڵی یاریگە و رێنوێنی یاریزانەکان دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راست شوێنی خۆیان بگرن.
 
لەو تاکتیکەدا، یاریزانەکانی ئارسیناڵ بە راوەستان لە بەرامبەر گۆڵپارێز، گرتن و پاڵنانی بەرگریکارەکانی بەرامبەر، سەر لە بەرگریکارەکانی بەرامبەر دەشێوێنن و رێگری لەوە دەکەن ئەو یاریزانانە بگەن بە تۆپەکە.
 
یانەکانی پرێمەرلیگ ئەم تاکتیکەی ئارسیناڵ بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و وای دادەنێن کە یانە لەندەنییەکە، ئەم هەلەی بۆخۆی قۆستوەتەوە و سوودمەند بووە لەو کارە بەهۆی نەبوونی یاسایەکی گونجاو.
 
ئارسیناڵ تاوەکو ئێستا پێنج یاریی لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا ئەنجامداوە و بەسێ بردنەوە و دوو یەکسانبوون، 11 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی گشتیی خولەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە