هێرشێکی تووند و تۆمەتبارکردنێکی گەورە لە سەرۆکی ڤالێنسیاوە بۆ ریال مەدرید و ڤینیسیۆس

24-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید یانەی ڤالێنسیا ڤینیسیۆس جونیۆر رەگەزپەرستی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باکۆ رۆیج، سەرۆکی پێشووتری یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی، هێرشی تووندی کردە سەر ریال مەدرید، سەرۆکی ئەو یانەیە و ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکە.
 
رۆیج دەڵێ، سەرۆکی ریال مەدرید دەسەڵاتداری یەکەمی ئیسپانیایە، سکانداڵی گەورەی سێکسیی یاریزانانی یانەکەی شاردووەتەوە. هەروەها ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەکەسێکی بێمێشک ناوبردووە.
 
قسەکانی سەرۆکی پێشووتری ڤالێنسیا، پاش لێدوانەکانی ڤینسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مەدرید هاتن، کە داوایکردبوو ئەگەر رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی ئیسپانیا بەردەوام بێت، مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا بسەنرێتەوە.
 
ڤینی پێشتر چەندجارێک رووبەڕووی دروشم و هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستی بووەتەوە لە یاریگەکانی ئیسپانیا و دیارترین یاریگەش کە ئەو کارەی بەرامبەرکراوە، یاریگەی مێستایای تایبەت بە یانەی ڤالێنسیا بوو.
 
رۆیج قسەی بۆ میدیای ئیسپانیا کردووە و دەڵێ، "ڤینیسیۆس یاریزانێکی مەزنە، بەڵام کەسێکی بێمێشکە، تەنیا ئەوە دەزانێت رابکات بۆ لای ناوبژیوان و لێی بپاڕێتەوە".
 
ئاماژەی بەوەداوە کە ریال مەدرید لە پێکهاتەکەیدا هەشت یاریزانی رەشپێستی هەیە، هیچکامیان رووبەڕووی رەگەزپەرستی نەبووەتەوە، نە لە یاریگەی مێستایا و نە لە هیچ یاریگەیەکی دیکەدا، بۆچی تەنیا ڤینیسیۆس ئەوەی بەرامبەر کراوە؟ ئەو دەڵێ، یاریزانەکانی دیکەی ریال مەدرید، "کۆچبەری راستەقینەن و وەک ڤینیسیۆس نین".
 
باکۆ رۆیج دەڵێ لەگەڵ کوڕەکەم و نەوەکەم لە یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید بووم و گوێم لێبوو هاندەران چییان بەڤینی دەگوت.
 
زیاتر دەڵێ، "ئەوکات لە نەوەکەمم پرسی، ئەوانە چیدەڵێن؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی، ڤینی دەبەنگە". زیاتر دەڵێ، ڤینی کاتێک قسەی پێگوترا خۆی بەردایەوە و دواتر ئاماژەی بۆ هاندەرانی ڤالێنسیا کرد بەوەی تیپەکەیان بۆ خولی پلە دوو دابەزیوە، ئەوەش کێشەکەی گەورەتر کرد.
 
سەرۆکی پێشووی ڤالێنسیا، ڤینیسیۆسی تۆمەتبارکردووە بەگەورەکردنی جەنگەکە لەگەڵ هاندەرانی ڤالێنسیا، بەدرێژایی ماوەی رابردوو، ئەگەرچی وەکئەو دەڵێ، "هاندەران پاش یەک دوو یاریی دیکە هەموو شتەکەیان لەبیر دەچووەوە".
 
باکۆ رۆیج، تەنیا هێرشی نەکردووەتە سەر ڤینیسۆس جۆنیۆر، بەڵکو لە هەمان چاوپێکەوتندا، سەرۆکی ریال مەدریدی بە 'کەسی یەکەمی ئیسپانیا' ناوبردووە کە هەمووان فەرمانەکانی جێبەجێدەکەن. ئەو ئاماژە بە پاشەکشەی ناوبژیوانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید دەدات، کە وەکئەو دەڵێ، "بڕیاری دابوو ڤینیسیۆس دەربکات، بەڵام لەترسی پێرێز نەیوێرا دەری بکات، ئەگەرچی هاندەرانی ڤالێنسیا لەسەر هەقبوون".
 
رۆیج بەتووندی بەرپرسانی ریال مەدرید تۆمەتبار دەکات و دەڵێ، چارەنووسی ئەو سکانداڵە سێکسییە چی لێهات کە یاریزانە لاوەکانی ریال مەدریدی تێدا تۆمەتبارکرابوون بەوەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچان؟
 
ئەو دەڵێ، بێگومان بەفەرمانی پێرێز، ئابڕووچوونەکە پەردەپۆشکرا و نەهێڵرا چیدی کەس باسی بکات، کەچی بەهۆی ڤینیسۆسەوە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ڤالێنسیا لە چوونە نێو یاریگەی یانەکەیان بێبەشکران.
 
پێشتر بەهۆی دۆسێی رەگەزپەرستییەوە لە دژی ڤینیسیۆس، هاندەرێکی یانەی ڤالێنسیا بەبەندکردن بۆ ماوەی هەشت مانگ، لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردن تۆمەتبارکرا، پاشئەوەی هێرشی رەگەزپەرستانەی کردبووە سەر ڤینیسیۆس و ئانتۆنیۆ رۆدیگێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە