بارسێلۆنا: لە گرێبەستی جواوەکاندا کێشەمان هەیە


رووداو دیجیتاڵ

دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دانیبەوەداناوە کە یانەکەی لە بابەتی گرێبەستکردن لەگەڵ جواو کانسێلۆ و جواو فیلێکس، کێشەی هەیە.
 
جواو فیلێکس بەشێوەی خواستن لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کردووە و جواو کانسێلۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لە بایرن میونشن، نەگەڕایەوە یانەکە و بەخواستن پەیوەندی بە بارساوە کرد.
 
هەردوو یاریزانەکە، لەو چەند یارییەدا کە بەدرێسی بلوگراناوە ئەنجامیانداوە، ئاستی بەرچاویان پێشکێشکردووە و جواو کانسێلۆ، دوێنێ گۆڵی سەرکەوتنی بارسای بەرامبەر سێلتاڤیگۆ تۆمارکرد.
 
لە گرێبەستی هەردوو یاریزاندا لەگەڵ بارسا، کڕینەوەی ناچاری لە کۆتایی وەرزدا بوونی نییە.
 
دیکۆ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی گوتوویەتی، "ئێمە هەلی ئەوەمان بۆ رەخسا بەشێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ هەردوو یاریزانەکەدا بکەین و هەلەکەمان قۆستەوە".
 
بەڕێوەبەرەکەی بارسا لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردنی یەکجاری لەگەڵ ئەو دوو یاریزانە دەڵێ، "تاوەکو ئێستا هەندێک کێشەی نێوخۆیی داراییمان هەیە، ئەگەر دۆخەکە وەکئەوە بەڕێوەبچێت کە ئێمە دەمانەوێت، بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت ئەو دوو یاریزانە لەگەڵماندا بەردەوام بن، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە، تەنیا سەرەتایە".
 
میدیاکانی ئیسپانیا دەڵێن، بارسا ناتوانێ ئەو دوو یاریزانە یان یەکێکیان بەیەکجاری بکڕێتەوە ئەگەر یاریزان لە پێکهاتەکەی ئێستای نەفرۆشێت یان کۆی مووچەی دراوی یانەکە بەکارمەند و یاریزانەکانی کەمنەکاتەوە، بەتایبەت لە لالیگا جارێکی دیکە بنمیچی مووچەکانی یانەکەی دابەزاندووە.
 
لە هاوینی ئەمساڵدا بارسێلۆنا چەندین گرێبەستی بەخۆڕایی لەگەڵ یاریزاناندا کردووە، ئەمەش وەک چارەسەر بۆ کێشە داراییەکانی یانەکە کە لە ماوەی رابردوودا بوونەتە هۆکار، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی لەپێناو نەکەوتنە بەر سزای دەستەی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا.