سانجێرمان کلاسیکۆی هەیە و کێشەکان چواردەوری یانەکەیان گرتووە


رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کە پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە ژێر کاریگەریی هەموو ئەو رووداوانە بێتە دەرەوە، کە لە دەرەوەی یاریگەوە بەرۆکی تیپەکە دەگرن و بەشوێن سەقامگیری و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێدا دەگەڕێت. لەم سەرەتای وەرزەدا ئەمشەو دەکەوێتە نێو تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە کاتێک لە کلاسیکۆی فەرەنسادا بەرامبەر مارسیلیا یارییدەکات.
 
یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان لە پاریس ئەنجامدەدرێت.
 
سانجێرمان کە لەگەڵ لویس ئینریکێ، دەیەوێت تیپێکی سەقامگیری ئارام بونیاد بنێت و ستراتیژی بیرکردنەوەی خۆی لە هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان گۆڕیوە، لە نێو یاریگە و لە دەرەوەی یاریگەش، بەکۆمەڵێک هۆکاری ناسەقامگیری دەورەدراوە و ئەوەش مەترسیی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە، تیپەکە زیاتر بەرەو ناسەقامگیری بڕوات.
 
سانجێرمان بەپێکهاتەیەکی نوێوە، کە خاڵی بووەتەوە لە ئەستێرەی دیار و گەورە و تەنیا کیلیان ئێمباپێی تێدا ماوەتەوە، دەیەوێت رکابەری راستەقینە بێت لەسەر نازناوەکان، بەڵام سەرەتای تیپەکە، سەرەتایەکی باشنەبوو پاشئەوەی لە دوو یاریی هەفتەکانی یەکەم و دووەمی خولەکەدا یەکسانبوو و دواتر دوو بردنەوەی بەدەستهێنا، بەرلەوەی لە یاریگەی خۆیدا بە نیس بدۆڕێت کە تاوەکو ئێستا سوپرایزی خولەکەیە.
 
ئەگەر شکست بەرامبەر نیس هەڵوەستەی زۆری بە ویستی هاندەرانی یانەکە و راهێنەرە نوێیەکەشی کردبێت، دەنگوباسەکانی هاتوو لە دەرەوەی یاریگەوە پێدەچێ کاریگەریی لەسەر تیپەکە و کەشی ژووری جلگۆڕینی دروست بکەن، پاشئەوەی ئەستێرە رۆیشتووەکانی وەک نەیمار و مێسی رەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکان و کارکردن لە یانەکە گرت.
 
لەکاتێکدا هێشتا قسەی ئەو ئەستێرانە لە نێو هاندەرانی یانەکەدا کاردانەوەی زیاتر دەخاتەوە، چیرۆکە گەورەکە بەدیوێکی نەبینراودا سەریهەڵدایەوە کاتێک فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ مانەوە و بەردەوامبوونی کوڕەکەی لە یانەکە بە خراپ ناوبرد و گوتی، دەبوو کیلیان بچێتە ریال مەدرید.
 
لە نێو هەموو ئەم کەشانەدا، ئینریکێی راهێنەر پێویستی بەبەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەی ئەمشەودا هەیە و دەکرێ چانسی ئەوەی لەبەردەستدا بێت، چونکە لە باخچەی شازادەکان یارییدەکات، بەڵام ئەرکەکە ئاسان نییە، چونکە مارسیلیا، هیچ یارییەکی لەو پێنج یارییە نەدۆڕاندووە کە ئەمساڵ ئەنجامیداون و خاڵێکیشی لە سانجێرمان زیاترە و نایەوێت چەشتنی تاڵاوی یەکەم دۆڕانی وەرزی ئەمساڵی لە لیگ ئا، لەسەردەستی سانجێرمان بێت، لە کاتێکدا مارسیلیا دوایینجار کلاسیکۆی فەرەنسای لە یاریگەی سانجێرماندا بردبێتەوە، ساڵی 2020 بوو.