ئەمشەو دێربیی مەدریدە.. سیمیۆنی دەیەوێ سنوورێک بۆ باڵادەستی ئەنچێلۆتی دابنێت

24-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی دیێگۆ سیمیۆنی دێربیی مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای سەرەتا و دەرچوونێکی ناوازەی دڵخۆشکەر بۆ هەموو مەدریدییەکان و بەدەستهێنانی پێنج بردنەوەی لەسەریەک و لە کاتێکدا پرسیار و گومانی زۆر لەبارەی توانای بەردەوامبوونی تیپەکەوە هەیە، هەموو شتێک لە ریال مەدرید دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی قورس و تاقەتپڕوکێن.
 
ریال مەدرید کە لەسەرەتای ئەمساڵی لالیگادا، بێوێنە و بەهێز و کاریگەر دەرکەوتووە، ئەمشەو لە نێو میترۆپۆلیتانۆ، زیاتر لە تاقیکردنەوە و زیاتر لە ئەگەرێک چاوەڕێی دەکات.
 
یارییەکەی ئەمشەو دێربییەکی دیکەی مەدریدی پایتەختە و تێیدا هەردوو یانە تواناکانی خۆیان تاقیدەکەنەوە و ئاماژەیەکی دیکە دەدەن لەبارەی ئامادەییان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی لالیگا، لە کاتێکدا بارسێلۆنا کە رکابەری سەرەکیی هەردوو یانەکەی مەدریدە، لە رۆژانێکی نموونەیی و بێوێنەدا دەژی.
 
ریال مەدرید بەر لە یارییەکەی ئەمشەو تواناکانی جود بێلینگهام و ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەدەستهێناوەتەوە، کە بە دوو کاریگەرترین یاریزانی ئەمساڵی تیپەکە دادەنرێن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پێناچێ ڤینیسیۆس لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا بێت و هاندەرانی ریال تەنیا ئومێد دەکەن ڤینی بتوانێ لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا بەشداری بکات.
 
بێلینگهام لە بەشدارینەکردنی سەرەکیی ڤینیدا، ئەو فریادڕەسە دەبێت کە ئەمشەو بەشە سپییەکەی مەدریدی پایتەخت، چاویان لە پەرجوویەکی دیکەی ئەو دەبێت، پاشئەوەی لە دوا یاریی یانەکەدا بەرامبەر یۆنیەن بەرلین لە چامپیۆنزلیگ، جارێکی دیکە کەشتییەکەی ریال گەیاندەوە کەناراوەکانی سەرکەوتن.
 
ریال تاوەکو ئێستا براوە بووە و کاریگەر و بەهێز دیارە، بەڵام ئەو لەو راستییانە ناگۆڕێت کە لە تیپەکەدا بوونیان هەیە و پێکهاتەکەی ئێستا، لە هێرشبەری سەرەڕم و بەرگریکەری لێهاتووی کەمن و یارییەکەی ئەمشەو دەکرێ پێشانی هەمووانی بدات، ئەو تیپەکە چەندە بەدەست کەموکورتییەوە دەناڵێنێت.
 
ئاتلێیکۆ مەدرید لای خۆیەوە، گەرچی پێشبینی ئەوەی لێدەکرا کە بەهێزێکی زۆرەوە لە رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی لالیگادا دەربکەوێت، بەڵام ئەو چوار یارییەی یانەکەی ئەنجامیداوە، دەریخستووە ئەنجامەکان لە ئاستی پێشبینییەکاندا نەبوون.
 
ئاتلێتیکۆ ئەگەرچی وەرزی ئەمساڵی بەسەرکەوتن بەسەر گرانادا دەستپێکرد و لە هەفتەی سێیەمەدا لە رایۆ ڤاییکانۆی بردەوە بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر، بەڵام تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی کە لەم سەرەتای وەرزەوە گیرۆدەی پێکانی ژمارەیەک یاریزانی بووە، لە هەفتەی دووەمدا لەگەڵ ریال بیتێس یەکسانبوو و دوا یارییشی بەرامبەر ڤالێنسیا لە مێستایا، ئەو یارییە بوو کە تێیدا تیپەکە دووچاری شۆککرا و راهێنەرەکەشی شەوی شکستەکەی بەخراپترین شەوی کاروانی راهێنەرایەتی خۆی ناوبرد.
 
دێربییەکەی ئەمشەو ئەوە بەبیری هەمووان دەهێنێتەوە کە وەرزی رابردوو، ریال مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە یارییەکدا، کە سەرەتای هەڵمەتی گەورەی هاندەرانی دژە ریال مەدرید بوو، بۆ پێشاندانی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر... یارییەکەی ئەمشەو ئەگەر لە یاریگەدا تاقیکردنەوەی توانای هەردوو تیپ بێت، لە نێو هاندەراندا تاقیکردنەوەی توانای هەمووانە لەسەرئەوەی دەیانەوێت لەرەگەزپەرستی بەردەوام بن، یان وازیانهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە