نەیمار لە سعودیە یەکەم کێشەی نایەوە


رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، یەکەم کێشەی لە سعودیە نایەوە، پاشئەوەی لەگەڵ راهێنەری یانەکەیدا کەوتە کێشەوە.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە دوای یاریی نێوان هیلال و ناڤباخوری ئۆزبەکی، لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، نەیمار و جۆرجی خیسۆسی راهێنەری یانەکە، بووەتە دەمەقاڵەیان.
 
هیلال لە یارییەکەدا، وێڕای یاریکردنی لەسەر یاریگەی خۆی، بە گۆڵێک لەگەڵ ناڤباخور یەکسانبوو و ئەوەش وەک شۆکێک وابوو بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، لە کاتێکدا تیپەکە لە هاوینی ئەمساڵدا چەندین یاریزان و ئەستێرەی گەورەی بردووەتە ریزەکانییەوە.
 
نەیمار لە یارییەکەدا ئاستێکی خراپی پێشاندا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی تیپەکەی نەبوو.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێ، تەنگژەکە ئەوکاتە روویداوە کە لە ژووری جلگۆڕیندا دوای یارییەکە، خیسۆسی راهێنەر رەخنەی لە نەیمار گرتووە لەبەرچاوی یاریزانانی دیکە یانەکەدا و نەیمار بە قسەکانی راهێنەرەکەی تووڕە بووە.
 
نەیمار لە یارییەکەدا، وەک رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێ، "ئاستێکی باشی نەبوو و هەڵسوکەوتی جێگەی رەزامەندی نەبوو، گۆڵی نەکرد و نزیکبوو لەوەی بەهۆی تووندوتیژییەوە لە یارییەکە بکرێتە دەرەوە".
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لەبەرامبەر قسەکانی خیسۆسدا، نەیمار بەتووندی وەڵامی داوەتەوە و تەنانەت داوای دوورخستنەوەی لە تیپەکە کردووە.
 
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، لە دوای یارییەکە، بەرپرسانی هیلال لەگەڵ خیسۆس کۆبوونەتەوە و ئاگاداریان کردووەتەوە ئەگەر ئەنجامەکانی تیپەکە بەرەو باشیی نەچن، ئەگەری دوورخستنەوەی لە مەشقدانی یانەکە دێتە ئاراوە.