راهێنەری ئینگلتەرا داوا لە یاریزانەکانی دەکات گوێ بە قسەی بێمانا نەدەن

24-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گاریس ساوسگەیت هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، سەرەڕای دۆڕان بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و دابەزین بۆ ئاستی دووەمی نەیشنسلیگ، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی باشە و بە ئاراستە دروستەکەدا دەڕوات، گوتیسی "دەبێت وا لە یاریزانەکان بکەم باوەڕ بەو کارە بکەن کە دەیکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری قسەی بێمانا".
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە گەڕی پێنجەمی و قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، بووە میوانی هەڵبژاردی ئیتاڵیا و 1-2 پێیدۆڕا، بەمەش دابەزی بۆ ئاستی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، دووپاتیکردەوە کە ناتوانێت رەخنە لە یاریزانەکانی بگرێت، چونکە بە قسەی خۆی باش یاری دەکەن.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی سێ ئەستێرەکان، لەو بارەیەوە گوتی "بۆ من قورسە زۆر رەخنە لە ئاستی تیپەکەم بگرم. ئێمە کۆنتڕۆڵی زیاترمان هەبوو، لێدانی  زیاترمان بۆ گۆڵ هەبوو. پێموایە لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکەدا بە باشی یاریمان کرد، بەڵام لە ساتەوەختی یەکلاییکردنەوەدا بەباشی بەرگریمان نەکرد، لە زۆر کاتی یارییەکەدا دەرفەتی ئەوەمان هەبوو یارییەکە یەکلایی بکەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "پێموایە ئەمشەو ئاماژەیەکی زۆر ئەرێنی بۆ ئێمە وەک تیپێک هەبوو. پێموابوو ئاستی تیپەکەمان هەنگاوێک بوو بە ئاراستەیەکی دروستدا، بەڵام لەوە تێدەگەم کە بەهۆی ئەنجامەکەیەوە، کەسانی دیکە هەمان کاردانەوەیان نابێت".
 
ساوسگەیت، هەروەها گوتی "دەبێت وا لە یاریزانەکان بکەم باوەڕ بەو کارە بکەن کە دەیکەن و سەرقاڵ نەبن و نەچنە ژێر کاریگەری قسەی بێمانا، کەواتە، ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ئێستا لەبەردەستمدایە".
 
راهێنەری ئینگلاند لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، گوتیشی "دابەزین بۆ ئاستی دووەمی نەیشنسلیگ کاریگەری لەسەر کوالێتی یارییەکان هەیە، ئەگەر ئەم پێشبڕکێیە دووبارە بەمشێوەی ئێستای ئەنجام بدرێتەوە، کاریگەری لەسەر ریزبەندیی پاڵاوتنەکانی پاڵەوانێتی ئەوروپا دەبێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە