سانتۆس سەبارەت بە ویستی رۆناڵدۆ بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024 قسەی خۆی کرد

24-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ فێرناندۆ سانتۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، رایگەیاند دەبێت بەرامبەر چیک یارییەکی باش بکەن و ببەنەوە، گوتیشی "هیچ سەیر نییە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیەوێت تاوەکو یۆرۆی 2024 یاری بکات".
 
ئەمشەو لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی چیک و یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا پەسنی رکابەرەکاین دا و لەبارەی هەڵبژاردەی چیکەوە گوتی "با بیر لەوە بکەینەوە کە چیکەکان تاوەکو ئێستا لە نەیشنسلیگ و یۆرۆدا چییانکردووە. لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی زۆر باشیان پێشکەشکرد، کوالیتییەکی زۆر باشیان نیشاندا و زەحمەتییەکی زۆریان بۆ رکابەرەکانیان دروستکرد. تەنیا سەرنج بدەن ئیسپانیا لە دواخولەکدا لەگەڵینادا 2-2 یەکسانبوو".
 
ئەو زیاتر پەسنی هەڵبژاردەی چیکی دا و گوتی "چیک تیپێکی کوالیتییە، یاریزانەکانی لە خولە باشەکاندا یاریدەکەن، پۆرتوگال بە شایستەیی دوو بە هیچ لێیبردەوە، بەڵام کێشەیەکی زۆریان بۆ دروستکردین. ئێمە باش دەیانناسین،  دەبێت ئاگاداری خۆمان بین، رێزێکی زۆر لە هەموو رکابەرانمان بگرین. ئێمە دەبێت سەربکەوین".
 
سەبارەت بەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتوویەتی دەیەوێت تاوەکو یۆرۆی 2024 یاری بکات؟ فێرناندۆ سانتۆس گوتی "ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. پێموایە بەهیچ شێوەیەک سەرسوڕهێنەر نییە، لانیکەم بۆ خەڵکی پۆرتوگال، هەمووان دەزانن و لە ساڵی 2003 - 2004ەوە چەندینجار گوتوویەتی کە شانازی بە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە دەکات". 
 
راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلی ئەوروپا، هەروەها گوتیشی "پێموایە ئەگەر لێرە لە رۆبن دیاز بپرسیت، ئایا بۆ ماوەی شەش، حەوت، دە ساڵی داهاتوو دەیەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بکات، ئەو دەڵێت بەڵێ، چونکە شانازی بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات. بۆیە، ئەوەی رۆناڵدۆ گوتوویەتی تەواوە و ئاساییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە