ڤیدیۆ؛ کوردێکی ئێزدی گرانترین یاریزانی مێژووی شتوتگارتە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێنیز ئونداڤ
دێنیز ئونداڤ
نیشانەکردن دێنیز ئونداڤ شتوتگارت بوندێسلیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەستیپێکرد، ئەمڕۆ شتوتگارت بەسەرکردایەتی هێرشبەرێکی کورد دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێ و ئەو یاریزانە کوردە گرانترینی مێژووی یانەکەیە.
 
دێنیز ئونداڤ، ئەو یاریزانە کوردەیە، کە ئەم هاوینە بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە یانەی برایتنی ئینگلیزییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی شوتگارتەوە کرد.
 
گرێبەستی دێنیز ئونداڤ، بەرامبەر 26.70 ملیۆن یۆرۆ واژۆکراوە، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی یانەی شتوتگارتدا گرێبەستێک بەو پارە زۆرە واژۆ بکرێت و یاریزانە کوردەکە دەبێتە گرانترین گرێبەستی مێژووی ئەو یانەیە.
 
ئونداڤ، ئێستا تەمەنی 28 ساڵە، لە ماڵباتێکی کوردی ئێزدییە و خەڵکی شاری روهای باکووری کوردستانە، بەڵام خۆی لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و ئێستا بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاری دەکات.
 
دێنیز ئونداڤ، لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی شتوتگارتەوە پێشتر گوتبووی "وەکو ئەوەی لەسەر مانگ بم، کە لە خولی ئەڵمانیا یاری دەکەم، شتوتگارت هەوڵی زۆریدا بۆ گواستنەوەم و منیش بەخێرایی بە گرێبەستی ئەوان رازیبووم و دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بەو یانەیەوە."
 
دێنیز لە وەرزی رابردوودا 33 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، بەدرێسی یانەی شتوتگارتەوە ئەنجامدا، 2339 خولەک یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدا، یاریزانەکە 19 گۆڵی تۆمارکرد کە 18 گۆڵیان لە رکابەرییەکانی بوندێسلیگا بوو و بووە چوارەم گۆڵکاری خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا، جگە لەوەش 10 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد.
 
ئاستبەرزیی هێرشبەرە کوردەکە بووە هۆکاری ئەوەی یانەی شتوتگارت بەشێوەی هەمیشەیی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات و لەم وەرزەدا، ئونداڤ بەدرێسی شتوتگارتەوە بەشداری لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە