بۆچی گرێبەستی یوسف ئەمین لەگەڵ یانە سعودییەکە نەبووەتە فەرمی؟

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یوسف ئەمین یانەی وەحدەی سعودی
A+ A-
رووداو هەولێر 

یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی پیشەگەر، مانگێکە پەیوەندی بە یانەی وەحدەی سعوودییەوە کردووە، بەڵام گرێبەستەکەی واژۆ نەکراوە و هێشتا یانەکە بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانە رانەگەیاندووە. 
 
ئەم ئەستێرەیە خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانە و لەدایکبووی ساڵی 2003ـە، ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە ئەڵمانیا ژیان بەسەردەبەن.
 
یوسف ئەمین دەستپێکی ئاشنابوونی بە یاریی تۆپی پێ لە ئەکادیمیای منداڵانی ڤیکتۆریا کۆڵن بوو، دواتر چووە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی و لە تیپی خوار 21 ساڵ یاریکرد و بۆ هەڵبژاردەی لاوانی ئەڵمانیاش یاری کردووە.
 
ئاستبەرزی ئەو وەک ناوەڕاستکارێکی لاو لەگەڵ یانەی ئینتراخت براونشفایگ بووە هۆکار کە خیسۆس کاساسی راهێنەی هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتی پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بکات و بەردەوام لە یارییەکاندا یەکێکە لە ئەستێرە سەرەکییەکانی تیپەکە. 
 
ئەم یاریزانە یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ یانە سعودییەکە لە کەمپی راهێنانیان بوو لە ئیسپانیا، لەوێ یوسف ئەمین توانی لە یارییەکی دۆستانەدا گۆڵێک بە لێدانی هاوشێوەی پانێنکا تۆمار بکات کە دەنگدانەوەی زۆری لە میدیای عەرەبی و عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
دوای یارییەکە جۆزێڤ زینپاوەر، راهێنەری یانەی وەحدەی سعودی، لەبارەی ئەو ئەستێرە کوردەوە گوتی "یوسف ئەمین هێزێکی گرنگە لە تیپەکەمدا لە وەرزی نوێ، ئەو یاریزانێکی سەرنجڕاکێشە و زۆر خێرایە، دەتوانێت لە چەند هێڵێکی جیاواز یاری بکات". 
 
یوسف ئەمین، باڵای 170 سانتیمەترە و خاوەن پاسپۆرتی ئەڵمانی و عێراقییە، یانەی وەحدەی سعودی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی بۆ میدکان نمایش نەکردووە. 
 
یەکێک لە ئەندامانی ماڵباتی یوسف ئەمین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی تایبەت بە تۆری میدیایی رووداو، رایگەیاند "یوسف بەردەوامە لە ریزەکانی یانەی وەحدەی سعودی، چەند کارێکی کارگێڕیی هەن کە دەبێت تەواوبن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستی یانەکە بکات". 
 
یانەی وەحدەی سعودی لە 1946 دامەزراوە و بارەگای لە شاری مەککەیە، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە پاڵپشتی دارایی دەکات، بەشداری خولی رۆشنی سعودیەی کردووە، وەرزی ئەمساڵ لە یەکەم یارییدا بە ئەنجامی سێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ریاز یەکسانبوو. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە