کلاودیۆ براڤۆ: بارسێلۆنا لەناوەوە یانەیەکی بچووکە

رووداو دیجیتاڵ

 

کلاودیۆ براڤۆ، گۆڵپارێزی پێشووی بارسێلۆنا، زۆر بە تووندی رەخنە لە شێوازی کارکردنی بارسا دەگرێت و بە یانەیەکی بچووک لەناوەوە وەسف دەکات. دەشڵێت "مانچێستەر سیتی لە ناوەوەش یانەیەکی زۆر گەورەیە".
 
گۆڵپارێزەکەی چیلی، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو باسی بارسێلۆنا دەکات، کە لەگەڵیدا چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە بارسا لە رووی وەرزشییەوە یانەیەکی گەورەیە، بەڵام لە سەر ئاستی بەڕێوەبردنەوە وەک یانەیەکی بچووک کاردەکات.
 
براڤۆ دەڵێت "هەمیشە گوتوومە بارسا وەک یانەیەکی بچووک کاردەکات، لەسەر ئاستی جیهانی زەبەلاحە، پێویستە بارسا و مەدرید گەورەترین بن لە رووی راگەیاندن و هاندەران و نێوبانگەوە، بچنە هەر شوێنێک یاریگەکان پڕدەبن، بەڵام بەداخەوە کە لە ناوەوەدا بارسا زۆر بچووکە".
 
ئەو زیاتر قسەکانی روون دەکاتەوە و دەڵێت "لەنێو بارسێلۆنادا هەمیشە هەمان رووخسارەکان دەبینرێن، چەند کەسێکن، یاریزانان، ستافی تەکنیکی و سێ چوار پاسەوان".
 
گۆڵپارێزەکەی پێشووی بارسێلۆنا، دواتر دۆخەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەراورد دەکات و دەڵێت "کارگێڕیی مانچێستەر سیتی هەرگیز کەمتەرخەمی لە سەرچاوە مرۆییەکان و کەسەکان و پێداویستییەکان ناکەن بۆ ئەوەی یاریزانەکان بەباشترین شێوە گەشە بکەن، بەشێوەیەک کە وایانلێنەکات هیچ شتێک لەدەست بدەن".
 
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت "لە مانچێستەر سیتی وەک یاریزانێک دەبێت گرنگی بە یاریکردن بدەیت، و ئەوانیش وەک بەڕێوەبەرایەتی هەموو شتێک دابین دەکەن، باشترین چارەسەرکاری جەستەیی و راهێنەری هۆڵی وەرزشی بۆ یاریزانەکان دابین دەکەن، لە بەشی پزیشکیشدا بیست قەرەوێڵە دەبینی نەک پێنج قەرەوێڵە، و بەبەردەوامی دوو سێ پزیشکت هەیە".