ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ ئەرکی مانچێستەر یونایتد و تۆپچییەکانی لەندەن ئاسان نییە

رووداو دیجیتاڵ

گەڕی دووەمی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات و یانە گەورەکان لە ئێستاوە دەیانەوێت سەرەتایەکی بەهێزیان هەبێت و خاڵی گرنگ لەدەستنەدان بۆ ئەوەی لە قۆناخی یەکلاکەرەوەدا پەشیمان نەبنەوە.
 
مانچێستەر یونایتد بەسەرکردایەتی تێن هاگ هەوڵدەدات دووەم یاریی خۆی لەسەریەک بباتەوە، کاتێک دەبێتە میوانی برایتن، بۆ ئەوەی بتوانن بە هاندەرانیان بڵێن ئیدی ئێمە تیپێکی نوێین و ئەم وەرزە بەنیازی پێشکەشکردنی ئاستی باش و بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەین.
 
تێن هاگ دوای بردنەوەی یەکەم یارییان لە فولهام، گەشبینە بەتواناکانی یاریزانەکانی و پێیوایە ئەو کۆمەڵە یاریزانە دەتوانن هیوا بە هاندەرانی مان یونایتد ببەخشن، ئەگەرچی بۆ ئەم یارییە ناتوانێت سوود لە تواناکانی چەند یاریزانێکی وەربگرێت، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە، وەک لێنی یۆرۆ، لۆک شاو، مالاسیا و راسموس هۆیلاند، بەڵام دی لێخت و مەزراوی کە ئەم وەرزە هاتوونەتە ئۆڵترافۆرد دەتوانن زۆر کێشەی هێڵی بەرگری بۆ تێن هاگ چارەسەر بکەن.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەرکی مان یونایتد ئاسان نابێت، چونکە برایتن بە رۆحێکی بەرزەوە دەچێتە یارییەکەوە، بەهۆی ئەوەی لە یەکەم یاریی خۆیدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئێڤێرتۆنی بردووەتەوە.
 
مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی پرێمەرلیگ میوانداریی ئیپسویچ تاونی تازە هاتوو بۆ پرێمەرلیگ دەکات و وادیارە کوڕانی پێپ گواردیۆلا سوورن لەسەر ئەوەی هەر خۆیان بە گەورەی ئینگلیزەکان بزانن، چونکە لە یەکەم یارییدا لە چێڵسییان بردووەتەوە و ئەمجارە ئەرکیان تا راددەیەک ئاسانترە، ئەگەرچی ئیپسویچ تاون، هەوڵدەدات بە بردنەوە لە مان سیتی مێژوویەک تۆماربکات، هەرچەندە ئەوە کارێکی ئاسان نابێت ئەگەر مەحاڵیش نەبێت.
 
یارییە گەورەکە لەنێوان ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤێلایە، لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی.
 
هەردووکیان 3 خاڵیان هەیە، ئارسیناڵ دەیەوێت هەرزوو وەک پاڵەوان خۆی نیشان بدات، چونکە ئامانجی ئەمساڵی بردنەوەی پرێمەرلیگە. ئاستۆن ڤێلاش خەونەکانی گەورەن و دەیانەوێت بەسەرکردایەتی ئۆنای ئێمری راهێنەر درێژە بە ئاستە بەرزەکەی وەرزی رابردوویان بدەن، بۆ ئەوەش دەبێت هەرزوو ئەوە بسەلمێنن و سەرئێشە بۆ تۆپچییەکانی لەندەن دروست بکەن.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ:ـ
 
برایتن - مانچێستەر یونایتد 14:30
کریستاڵ پاڵاس - وێستهام 17:00
فولهام - لێستەر سیتی 17:00
مانچێستەر سیتی - ئیپسویچ تاون 17:00
ساوسامپتن - نۆتینگهام فۆرێست 17:00
تۆتێنهام - ئێڤێرتن 17:00
ئاستۆن ڤێلا - ئارسیناڵ 19:30