بە 8 یۆڕۆ ئەلڤێش کاژێرێک یاریت بۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دانی ئەلڤێش، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی بەرازیل، بە کرێ یاری بۆ تیپە میللییەکانی بارسێلۆنا دەکات و بۆ هەر کاژێرێک 13 هەزار دیناری عێراقی وەردەگرێت.

ئەلڤێش دوای ئەوەی لە زیندان دەرچوو، هەژماری لە ئاپێک دروستکردووە کە یاریزان بە کرێ یاری بۆ تیپەکان دەکەن، و بۆ هەر کاژێرێک بڕە پارەیەک وەردەگرن.

ئەم ئاپە بۆ ئەوەیە ئەگەر کەسێک یاری هەبێت و بیەوێت یاریزانێکی باش بهێنێتە تیپەکەی بۆ ئەوەی یارییەکەی بۆ بباتەوە یان یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ژمارەیان تەواو نەبێت، دەتوانێت لە رێگەی ئەم ئاپەوە یاریزان داوا بکات بۆ یارییەکەی.

گەنجێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، وێنەی خۆی لەگەڵ ئەلڤێش بڵاوکردەوە لەگەڵ هەژماری ئەلڤێش لە ئەپاکە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێکی دیکە ویستی ئەلڤێش بانگ بکات بۆ یارییەکانی بەئاسانی بیدۆزێتەوە.


دانی ئەلڤێش، مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندان، پاشئەوەی کچێک ئەوی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە یانەیەکی شەوانەی شاری بارسێلۆنادا پەلاماری داوە و بەزۆر و بەبێ رەزامەندی خۆی، سێکسی لەگەڵدا کردووە، بەڵام لە مانگی سێی ئەمساڵ ئەلڤێش بەکەفالەت ئازادکرا و هێشتا دادگاییکردنی بەردەوامە.