مێسی ئینتەرمەیامی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی دیکە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بە دوو ئاسیست سەرکردایەتی یانەی ئینتەرمەیامی کرد بۆ سەرکەوتنێکی نوێ و گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی دیکە، کە جامی ئەمریکایە.
 
ئینتەرمەیامی بە بردنەوەی جامی خولەکان راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەمریکا و لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا بووە میوانی سینسیناتی پێشەنگی خولی ئەمریکی، کە دوای یەکسانبوون بە 3-3 لە کاتی ئاسایی و دوو گێمی زیادکراودا، لیۆ و هاوڕێکانی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 5-4 یارییەکەیان بردەوە و خۆیان گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
سینسیناتی گۆڵێک پێشکەوت، کاتێک لوسیانۆ ئاکۆستا لە خولەکی 18 توانی تۆڕی ئینتەرمەیامی بهەژێنێت و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن ماڵ بە گۆڵێک کۆتاییهات.
 
لە دەستپێکی نیوەی دووەمدا و دوای تێپەڕبوونی 8 خولەک، براندۆن ڤاسکێز گۆڵی دووەمیشی کرد و ئەرکی مەیامی زۆر قورس کرد، بەڵام مێسی و هاوڕێکانی خۆیان بەدەستەوە نەدا و کامپانا بە دوو ئاسیستی مێسی لە خولەکەکانی 68 و خولەکی حەوتەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا دوو گۆڵی بۆ مەیامی تۆمارکرد و یارییەکە گەیشتە دوو گێمی زیادکراو.
 
تەنیا سێ خولەک دوای دەستپێکردنی گێمی یەکەمی زیادکراو، جۆزێف مارتینێز گۆڵی سێیەمی تیپی میوانی تۆمارکرد، بەڵام یویا کوبۆ لە خولەکی 114ـدا گۆڵی سێیەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ یانەی سینسیناتی تۆمارکرد و یارییەکە گەیشتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە مێسی و هاوڕێکانی هەر پێنج لێدانی خۆیان گۆڵکرد، بەڵام سینسناتی یەکێکیانی گۆڵ نەکرد و بلیتی یاریی کۆتایی بەر لیۆ و مەیامی کەوت.
 
ئینتەرمەیامی لە یاریی کۆتاییدا، کە بڕیارە رۆژی 27ـی9ـی2023 ئەنجام بدرێت، لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی هیۆستن دەکات، کە ئەویش لە قۆناخی پێش کۆتاییدا  سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی سالت لەیکی میوانداری بردەوە.
 
میامی دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە ریزەکانییەوە کردووە لە هەشت یارییدا تووشی هیچ شکستێک نەبووە و بوونەتە پاڵەوانی جامی خولەکان، کە 47 یانەی ئەمریکی و مەکسیکی بەشدارییان تێداکرد.