ڤیدیۆ؛ سەرهەنگ موحسین، بۆ رووداو: هەمیشە ستەمم لێکراوە

24-08-2021
ئیحسان تاهیر
سەرهەنگ موحسین
سەرهەنگ موحسین
نیشانەکردن سەرهەنگ موحسین هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرهەنگ موحسین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ستەمی لێدەکرێت و بەئەنقەست بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق ناکرێت، گوتیشی "ئەوە راست نییە کە دەگووترێت راهێنەر دەتوانێت تەنیا ئەو یاریزانانە بانگهێشت بکات کە ناویان لە لیستێکدا تۆمارکراوە و ژمارەیان 54 یاریزانە و بۆ  فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا نێردراوە".

سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد و یانەی ئەمانەی بەغدا، سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو باشترین ئاستی لەگەڵ یانەکەی پێشکێشکرد و 15 یاری، گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراست، بەڵام بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق ناکرێت.

بانگهێشتنەکردنی گۆڵپارێزەکە لەکاتێکدایە، بە ژمارە و ئاست ئەو باشترین گۆڵپارێزی خولی عێراق بوو لە وەرزی رابردوودا، جگە لەوەش هەریەکە لە جەلال حەسەن و محەممەد حەمید، گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق تووشی پێکانبوون، بەڵام جارێکی دیکە ئەو هەلە بە سەرهەنگ نەدرایەوە و هەریەکە لە محەممەد ساڵح و ئەحمەد باسل بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشتکران.

بانگهێشتنەکردنی سەرهەنگ موحسین، بۆ هەڵبژاردەی عێراق کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە سۆشیاڵ میدیادا ژمارەیەکی زۆری هەوادارانی یانەی ئەمانەی بەغدا و گۆڵپارێزە نووسیوویانە "زوڵمێکی ئاشکرا بەرامبەر سەرهەنگ موحسین دەکرێت"، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری بانگهێشتنەکردنی گۆڵپارێزەکە روون نییە، هەرچەندە رەحیم حەمید، یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و باسل گۆرگیس، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەکە رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کە سەرەتا ناوی 54 یاریزانانیان داوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و ناوی سەرهەنگ موحسین لەنێو ئەو 54 یاریزانە نییە، بۆیە ناتوانن بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکەن.

سەرهەنگ میوانی بوولتەنی وەرزشی تەلەڤزیۆنی رووداو بوو، ئەو لەو باریەوە گوتی "سەرەتا وایان بڵاوکردەوە کە گوایە ناوی سەرهەنگ لە لیستی 54 یاریزانەکەدا نییە، بۆیە ناتوانن بانگهێشتی بکەن، بەڵام ئەمە راست نییە، چونکە بەپێی بەندی 19 لە یاسای فیفا رێگە بە هەر هەڵبژاردەیەک دەدرێت ناوی یاریزانێک زیاد بکات، ئەگەر پێشتر ناویشی تۆمار نەکردبێت".

گۆڵپارێزی کوردی نێودەوڵەتی زیاتر گوتی "هەندێک یاریزان بانگهێشتکاروان و ناویان  لە لیستی 54 یاریزانەکەدا نییە، بەڵام دواتر لەبەرئەوەی ڤیدیۆکاناین بەدڵی راهێنەر نەبووە دوورخراونەتەوە".

کاتێک رووداو لێیپرسی مەبەستت کام یاریزانن کە بانگهێشتکراون و ناویان لە لیستەکەدا نەبووە؟ کاپتن سەرهەنگ گوتی "ئوسامە، ژیلوان و ئەمیر، تەنانەت هەندێک لەگەڵ هەڵبژاردەکە ماون و ڤیزاشیان بۆ دەرچووە".

سەرهەنگ موحسین، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا، کە ئەم هەڵوێستە نیگەرانی کردووی؟ گوتی "سەیر لەوەدایە لە وەرزێکدا 15 کلین شیتت هەبێت، 7 بۆ 8 جار باشترینی هەفتە بیت و بانگهێشت نەکرێی، کەچی گۆڵپارێز هەیە یەدەگە و لە وەرزێکدا تەنیا 5 یاری کردووە و بانگهێشت کراوە، ئەوە خەفەتم پێدەدات ئەگەرنا من لەسەر ئەوە راهاتووم و بەدڵنیاییەوە لە سەرووی لیستی یاریزانە ستەملیێکراوەکانم".

سەرهەنگ رەتیکردەوە ئەو قوربانیی دژایەتی تایفەگەری بێت و گوتی "بڕواناکەم بەهۆی دژایەتی تایفەگەری ئەوەم لەگەڵ بکەن، بەڵام کێشەکە لەوانەیە کە یاریزانەکان بۆ راهێنەری نوێ دیاریدەکەن، ئەوان کەمتەرخەمی دەکەن، دەبینین کە چەندین راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەگۆڕدرێن و لە کاتی هاتنی راهێنەرێکی نوێدا چەند کەسێکن کە ناوی یاریزانانی بۆ دیاریدەکەن".

سەرهەنگ قسەکانی روونتر کردەوە و گوتی "کەمتەرخەمی لە باسل گۆرگیس و رەحیم حەمیدە، تەنانەت ئەحمەد جاسمی راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق، کە پێشتر پێیوابوو ستەمە من بانگهێشت نەکرێم، ئێستا ئەویشیان تێگەیاندووە کە بانگهێشتم نەکات".

گۆڵپارێزی کوردی یانەی ئەمانە بەغدا، زیاتر لەبارەی ئەحمەد جاسمەوە، گوتی "ئەحمەد جاسم ئێستاش منی دەوێت، کێشەکە لەوەدایە کە ئەوان پێیانگوتووە نابێت سەرهەنگ بانگهێشت بکرێت، کاپتن ئەحمەد 100٪ لەگەڵ بانگهێشتکردنی مندایە، بەڵام ئەویان واتێگەیاندوووە کە بەپێی یاسا نابێت لە کاتێکدا ئەوە راست نییە".

سەرهەنگ گلەیی لە سیستم و پلانی تۆپی پێ لە عێراق کرد و گوتی "خراپی سیستم وایکردووە ساڵانێکی دوور و درێژە هەڵبژاردەی عێراق نەتوانێت بگاتە مۆندیال، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەو راستییەی کە لەم وڵاتەدا یاریزانان لەسەر بنەمای راست و زانستی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت ناکرێن و ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە دەبینین".

سەرهەنگ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا، کە ئایا هەستدەکەی ستەمت لێدەکرێت؟ گوتی "دیارە و روونە کە ستەم لە من دەکرێت و تەنانەت ئەمجارە ستەمی ساڵانی دیکەشی هێنایەوە ئاراوە، من لەگەڵ یانەی هەولێر قەڵخانی خولی عێراقم دەبردەوە بانگهێشت نەدەکرام، ساڵێک ئێمە یەکەم بووین گۆڵپارێزی یەکەم و دووەمی کەرخ بانگهێشتکران، من نا".

ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی بۆ هاندەرانی تۆپی پێی کوردستان هەبوو، گوتی "تەنیا دەمەوێت ئەو پەیامە بدەمە هاندەرانی کورد کە یاریزانی کورد شایستەی ئەوەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات، بەڵام هۆکاری دیکە هەن کە ناهێڵن بانگهێشت بکرێت". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە