عێراق لە یەکەم یاریی ئۆڵۆمپیاددا ریمۆنتادای تۆمارکرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردەی عێراق یەکەم بردنەوەی لە رکابەرییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی دواکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆکراینا گۆڕی و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا.
 
لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆکراینا ئەنجامدا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێنا.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا یاریزانانی هەردوولا بەبێدەنگی یاریگەیان بەجێهێشت و هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا.
 
لە خولەکی 53 ڤالێنتین روبونچێسکی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئۆکراینا تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا چوار خولەک ئەیمەن حوسێن بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ عێراق یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
عەلی جاسم، لە یارییەکەدا بەشێوەی یەدەگ بەشدارییکرد و لە خولەکی 75 گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد و پەیوەندیکردنی خۆی بە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی بەو گۆڵە پیرۆزکرد، لەکاتێکدا چەند کاژێرێکی کەم لەمەوبەر یانە ئیتاڵییەکە بەفەرمی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە، عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکانی ئۆڵۆمپیاددا بەدەستهێنا.
 
یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێت و ئۆکرایناش رووبەڕووی مەغریب دەبێتەوە.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقدا دوو یاریزانی کورد یارییدەکەن، کە یوسف ئەمین و بڵند ئازادن، لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یوسف ئەمین بەشێوەی سەرەکی یارییکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە