ئێمباپێ یەکەم بەڵێنی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، بەڵێنێک بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ئەو یانەیە دەدات سەبارەت بە گرێبەستێکی نوێ لە پاریس سانجێرمانەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە بەم دواییە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، بەڵێنێکی بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی مێرێنگێ دا سەبارەت بە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ ئەشرەف حەکیمیی هاوڕێی نزیکی لە پاریس سانجێرمان.
 
لە چەند مانگی رابردوودا چەندینجار میدیاکان باسیان لە پەیوەندی ریال مەدرید بە گەڕانەوەی حەکیمییەوە کردووە، بەتایبەتی دوای پشتڕاستکردنەوەی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ یانە شاهانەکە لە مانگی شوباتی رابردوودا.
 
بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، ئێمباپێ لە یەکێک لە دیدارەکانیدا لەگەڵ پێرێز باسی لە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ حەکیمی هاوڕێی کردووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئێمباپێ بە پێرێزی گوتووە حەکیمی باشترین شوێنگرەوەیە کاتێک دانی کارڤاخال لە مێرێنگێ دەڕوات.
 
لەو دیدارەدا، وەک ئەوەی دیفێنسا سێنتڕال ئاماژەی بۆ دەکات "ئێمباپێ بۆ سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی روونکردووەتەوە کە حەکیمی بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیە بۆ ریزەکانی یانەی شاهانە، هەروەها بەڵێن دەدات کە مووچەکەی هیچ کێشەیەک دروست ناکات، چونکە تاکە شتێک کە ئەستێرە مەغریبییەکە بایەخی پێدەدات لایەنی وەرزشی دەبێت".
 
دیفێنسا سێنتڕال، هەروەها بڵاویکردەوە، پێش کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە بۆ حەکیمی ئەستەمە، چونکە یانە فەرەنسییەکە دانوستاندن لەسەر فرۆشتنی بە مێرێنگێ ناکات".
 
هەندیک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە حەکیمی لە هاوینی 2026 وەک گرێبەستێکی بێبەرامبەر بچێتە ریال مەدرید، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، هەروەک چۆن ئێمباپێ کردی، کە تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید واژۆکردووە.