بۆمب.. رۆناڵدۆ دەگەڕێتەوە ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

تۆڕی هەواڵی دیفێنسا سێنتڕاڵ، ئاشکرایکرد کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، پلانی داناوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگەڕێنێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بۆ ئەوەی رێزی لێبنێت و هاندەرانی یانەی شاهانە ماڵئاواییەکی شایستە لە ئەفسانەکەی ئەو یانەیە بکەن.
 
بەگوێرەی دیفێنسا سێنتڕاڵ، فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت لە یاریی جامی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، میوانداریی یانەی نەسڕی سعودی بکات، بۆ ئەوەی رێز لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگرێت و ئەفسانەی یانەی شاهانە ماڵئاوایی لە هاندەرانی ریال مەدرید بکات.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "بۆ ئەو مەبەستە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دانوستاندنی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعودی دەستپێکردووە".
 
زۆر لە هاندەرانی یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا، حەزدەکەن رێز لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگیرێت و بەشێوەیەکی شایستە ماڵئاوایی لەو یاریزانە بکەن کە بەشێکی کرنگە لە مێژووی ئەو یانەیە و گۆڵکاری مێژوویی ریال مەدریدە.
 
سەرۆکی ریال مەدریدیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشایەنی ئەوە دەزانێت کە رێزی لێبگیرێت و جارێکی دیکە لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا بەرامبەر هاندەرانی ریال مەدرید یاری بکاتەوە و هەردوولا ماڵئاواییەکی شایستە لە یەکدی بکەن.
 
پێشتر ریال مەدرید بەو شێوەیە رێزی لە چەندین ئەفسانەی گرتووە، وەک ئەوەی لە  ساڵی 2013 بۆ رائول گۆنزالێس کردی، کە ئەوکاتە یاری بۆ یانەی سەدی قەتەری دەکرد و یانەی شاهانە لە یاریی جامی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا میوانداری یانەی سەدی کرد و رائول لە هەر گێمێکدا بۆ یەکێکیان یاری کرد و دواتر ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هاندەرانی ریال مەدرید کرد.