پێشمەرگە دەیەوێت لە بەغدا مێژووییەکی نوێ بۆ کوردستان تۆمار بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێشمەرگەی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لەبەردەم هەنگاوێکی گەورە و گرنگدایە و دەیەوێت دەستکەتێکی مێژوویی بۆ تۆپی پێی یانەکە و کوردستان تۆمار بکات، کاتێک بەرامبەر یانەی قاسم یاریی دەکات.
 
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لە دوایین یاریی قۆناخی پلەی ئاوتی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:30 بەرامبەر یانەی قاسم یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو.
 
ویسام بازک، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە بەغداوە بە رووداوی گوت "گەیشتنمان بەم قۆناخە رێککەوت نەبووە، سێ ساڵە رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەین، ئێمە لە یانەکانی دیکە باشتربووین و نزیکتربووین لە گەیشتن بە رکابەرییەکانی خولەکە، بەڵام هەندێک بارودۆخ هاتنە پێشەوە و کاریگەریی لەسەر یانەکەمان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشین کە بە هەوڵی یاریزانەکان و هەموو لایەک گەیشتووینەتە ئەم قۆناخە."
 
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی یانەکە زیاتر گوتی "یاریزانەکان لە هەموو روویەکەوە بۆ یارییەکە ئامادەن و هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابینکراوە، یاریزانەکان دەیانەوێت مێژوو تۆماربکەن و لە چاویاندا ویستی بردنەوە و سەرکەوتن زۆر بە روونی دیارە."
 
محەممەد کارێزی نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یارییەکە لە بەغدا دەڵێت "یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و ژمارەیەکی زۆری هاندەرانیش لە سلێمانییەوە دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی پاڵپشتیی یانەکە بکەن."
 
پێشمەرگەی سلێمانی، لەم وەرزەدا لە خولی نایابی عێراق پلەی سێیەمی ریزبەندی بەدەستهێنا، یانەی قاسم لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هەژدەیەم بوو، قاسم بۆ مانەوە لە خولەکەدا و پێشمەرگەش بۆ گەیشتن بە خولەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لە وەرزی 2010-2011 بەشداریی لە خولی عێراقدا کردووە، یانەکە لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ وەرزی داهاتوودا دەبێتە پێنجەم یانەی کوردستانیی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، دوای هەریەکە لە زاخۆ، دهۆک، هەولێر و نەورۆز.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە