ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن بەنیازە وەرزێکی سەرسوڕهێنەر پێشکێش بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئارێنادا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی، رێوڕەسمێکی بۆ پێشکێشکرنی یاریزانە نوێ و تەواوی تیپەکەیان رێکخست.
 
یاریزانەکانی یانەکە، سەرەتاش نوێیەکان یەک یەک هاتنە نێو یاریگە و هاندەران بە چەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لێکرد. 
 
بەرگریکار کۆری، کیم مین جای، کە لە ناپۆلییەوە رووی لە یانە باڤارییەکە کردووە، کاتێک هاتە نێو یاریگە پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا. تەنانەت گێرێرۆ کە تووشی پێکان بوو بە دارەشەقەوە هاتە نێو رێوڕەسمەکە.
 
کیم مین جای، بەرگریکاری کۆری، گوتی "بەڵێ ئەم دیمەنەم خۆشدەوێت، ساتێکی نایاب و ناوازەیە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا، کۆمەڵە یاریزانێکی سەرسوڕهێنەر لێرەن، ئەوەم زۆر خۆشدەوێ".
 
یانەی باڤاری دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە چامپیۆنزلیگدا شکستی هێنا و زۆر بە زەحمەت نازناوی بوندێسلیگای بردەوە، ئەمساڵ بەنیازە وەرزێکی سەرسوڕهێنەر پێشکێش بکات و رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکات.
 
دواتر یاریزانانی یانەکە لەگەڵ تۆماس توخێلی راهێنەر یەکەیەکی مەشقییان ئەنجامدا و توخێل کۆمەڵێک رێنمایی پێدان.
 
پێدەچوو یاریزانانی یانەی باڤاری ئامادەبن بە متمانەیکی زۆرەوە وەرزی نوێیان دەستپێبکەن.
 
ماتیاس دیلێخت، بەرگریکاری هۆڵەندی گوتی "هیوادارم تەندروست بمێنمەوە و پارێزگاری لە توانای جەستەییم بکەم، دەمەوێت تا دەتوانم یارمەتی بایرن میونشن بدەم، هیوادارم نازناوەکان بەدەستبهێنین و وەرزێکی نایاب لەگەڵ هاندەرانمان بەسەر بەرین".
 
دوای مەشقەکان یاریزانانی بایرن میونشن چوونە نێو هاندەران و وێنەی یادگارییان لەگەڵ گرتن و بەهەموو لایەک کاتێکی خۆشیان لەگەڵ یەکدی بەسەربرد.