چەند پەیامێکی نوێ لە ئەنچێلۆتییەوە لەبارەی وەرزی داهاتوو

24-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید باس لە شێوازی یارییکردنی یانەکەی لە وەرزی نوێدا دەکات، دوای ئەوەی لە یەکەم یاریی دۆستانەیاندا سەرکەوتنیان بەرامبەر یانەی میلانی ئیتاڵی بەدەستهێنا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆی دوای بردنەوەیان لە میلان بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " شێوازی نوێی یارییکردنم خۆشدەوێت، هەندێک کێشەمان هەبوو، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا بەم رێگەیە یاریی بکەین، یاریزانەکانیش هەندێک پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ شێوازە نوێیەکە بگونجێنن."
 
کارلۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە نیوەی یەکەمدا هەندێک کێشەمان لەبارەی گوشار دروستکردنەوە هەبوو، بەڵام لە نیوەی دووەمدا چارەسەرمان کرد."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە ستایشێکی زۆری جود بێلینگهامی کرد، دوای ئەوەی یاریزانەکە یەکەم یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامدا و گوتی "بێلینگهام یاریزانێکی کامڵە، توانایەکی نا ئاسایی هەیە و دەتوانێت سوود لە رووبەرەکان وەربگرێت، باشترین شوێن بۆ ئەو لەنێو یاریگەدا شوێنی یاریزانی ژمارە 10ـە، ئەو یاریزانێکی زۆر نایابە، زۆر گرنگە، یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی کامڵە، بەبێ تۆپ زۆر باشە و شێوازەکەی زۆر نایابە."
 
ئەنچێلۆتی باس لە ئاستی براهیم دیازیش دەکات و دەڵێت "براهیم دیاز بژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئێمە، ئەو دوو وەرزی لە میلان بەڕێکرد و وەرزی داهاتوو بۆ ئێمە زۆرباش دەبێت، ئەو بەشێوەیەکی زۆرباش لە میلان گەڕایەوە، توانایەکی زۆرباشی لە شوێنی یارییکردنی خۆی هەیە و دەتوانێت هاوڕێکانی زۆربەباشی بەیەکدی ببەستێتەوە، هیواخوازین لە وەرزی نوێدا چێژی لێ ببینین."
 
کارلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چووە سەر رۆدریگۆ گۆس و ئەگەری یارییکردنی وەک یاریزانی ژمارە 9 و گوتی "ئەگەر رۆدریگۆ وەک یاریزانی ژمارە 9 یاریی بکات، ئەوا بە پلانی 4-3-3 یارییدەکەین."
 
کاتێکیش لەبارەی کیلیان ئێمباپێ پرسیار لە ئەنچێلۆتی کرا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە بە پێکەنینەوە گوتی "پێموایە وەڵامی هەموو پرسیارەکانم دایەوە و هیچ پرسیارێکی لەبارەی ئێمباپێ وەڵام نەدایەوە."
 
پێشتر میدیای ئیسپانیا بڵاویکردبووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە کارلۆ ئەنچێلۆتیی ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت نە راهێنەر و نە هیچ یاریزانێکیش لەبارەی یاریزانە فەرەنسییەکەوە لێدوان بدەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە