ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید لە یەکەم یاریی دۆستانەدا ریمۆنتادای تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یەکەم یاریی دۆستانەیدا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ ریمۆنتادای تۆمارکرد و لە یانەی میلانی ئیتاڵیی بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکەم یاریی دۆستانەیدا لە ئەمریکا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ئەیسی میلان یارییکرد، سەرەتا یانە ئیتاڵییەکە بە دوو گۆڵ پێشکەوت، بەڵام ریال مەدرید سێ گۆڵی تۆمارکرد و یارییەکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 25 فیکایۆ تۆمۆری بەلێدانی سەر گۆڵێکی بۆ یانەی میلان تۆمارکرد و تۆڕی گۆڵی ئاندرێ لونینی هەژاند.
 
هەر لە نیوەی یەکەمدا هێرشەکانی میلان بۆ سەر گۆڵی ریال مەدرید بەردەوامبوون، لە خولەکی 42 لوکا رۆمێرۆ، یاریزانی لاوی ئەرجەنتینی گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بۆ رۆسۆنێری تۆمارکرد و یانە لۆمباردییەکە بووە خاوەنی دوو گۆڵ و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی میلان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا ریال مەدرید خۆی رێکخستەوە و باشتر لە نیوەی یەکەم دەرکەوت، دوای چەند هێرشێک بۆ سەر گۆڵی میلان، لە خولەکی 57 فێدریکۆ ڤالڤێردی بە سوود وەرگرتن لە هەڵەیەکی گۆڵپارێزی میلان گۆڵی یەکەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
لە خولەکی 58 هەمان یاریزان، سوودی لە هەڵەیەکی دیکەی بەرگریکارانی میلان وەرگرت و بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
دوای ئەم گۆڵە، ریال مەدرید گوشاری زیاتری خستە سەر گۆڵی رکابەرەکەی، ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەکی 83 گۆڵی سێیەمی بۆ لۆس بلانکۆس تۆمارکرد، ریال مەدرید یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و لە یەکەم یارییدا ریمۆنتادای تۆمارکرد.
 
یاریی داهاتووی ریال مەدرید بەرەبەیانی رۆژی 27ـی ئەم مانگە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەبێت، میلان بەرەبەیانی رۆژی 28ـی مانگ بەرامبەر یوڤێنتوس یارییدەکات.