راهێنەری بێرنلی گاڵتە بە هاری کەین دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شان دیچ، راهێنەری یانەی بێرنلیی ئینگلیزی، گاڵتە بە هاری کەین و یانەی مانچێستەر سیتی دەکات، بەهۆی ئەو دەستەوارە خەیاڵییەی خەریکە پاڵەوانی پرێمەرلیگ پێشکەشی تۆتێنهام دەکات بۆ واژۆکردن لەگەڵ هاری کەینی ئەستێرەی ئینگلیزی.

چەند رۆژێکە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، باس لەوە دەکەن کە یانەی مانچێستەر سیتی دەستەوارەیەکی بە 160 ملیۆن پاوەند ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین پێشکەشی یانەی تۆتێنهام بکات.

شان دیچ، لەو بارەیەوە گاڵتەی بە هاری کەین و مانچێستەر سیتی کرد و لە لێدوانێکدا گوتی "نازانم مانچێستەر سیتی دەیەوێت بەو دەستەوارەیە هاری کەین بکڕێت یان هەموو تۆتێنهام".

دیچ لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "بەڕاشکاوی دەیڵێمەوە، کاتێک هەواڵی دەستەوارەکەی مانچێستەر سیتیم بیست، نەمتوانی لەوە تێبگەم کە ئایا بەرپرسانی ئەو یانەیە دەیانەوێت هەموو یانەکە بکڕن یان یاریزانەکە، هەرچۆنێک بێت کەین یاریزانێکی گەورەیە".

راهێنەری یانەی بێرنلی، لەبارەی دۆخی یانەکەیشییەوە، لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، گوتی "کە خاوەنداریەتی نوێی یانەکە هات، گوتیان دەمانەوێت تیپێکی باش دابنێین، هێشتا  مێرکاتۆ ماوە".

هەروەها زیاتر گوتی "ئێمە گرێبەست لەگەڵ هەر یاریزانێک بکەین پێویستە کاربکات و شتێک بۆ ئەم یانەیە بکات، ئێمە ئێستا هەندێک یاریزانی زۆر باشمان هەیە، بەڵام بێگومان پێویستیمان بە هەندێک یاریزانی دیکەش هەیە".