خۆسێلۆ بڕیاری رۆیشتن لە ریال مەدرید دەدات

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئاشکرایان کردووە، خۆسێلۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، بڕیاری داوە لەم مێرکاتۆیەی هاویندا ریزەکانی مێرێنگێ جێبهێڵێت.
 
خۆسێلۆ تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەخواستن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەمێنێتەوە و یانەی شاهانە بژاردەی کڕینی بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەیە.
 
رادیۆ کۆپێ، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە "ریال مەدرید بەنیازی ئەوە بووە بژاردەی کڕینی گرێبەستەکەی خۆسێلۆ چالاک بکات و بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆ بداتە ئیسپانیۆل، بەڵام یاریزانەکە پێیباشتر بووە بڕوات، بەتایبەتی دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی و ئێندریکی بەهرەمەندی لاوی بەرازیلی بۆ ریزەکانی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو، چونکە ئەوە چانسی بەشداریکردنی کەمدەکاتەوە".
 
وەک رادیۆ کۆپێ باسی کردووە، شوێنی داهاتووی یاریزانەکە خولی سعودیە دەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو یانەیە دیاری بکات کە دانوستاندنی لەگەڵدا دەکات، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لە چەند کاژێری داهاتوودا ناسنامەی تیپە نوێیەکەی ئاشکرا دەکرێت.
 
ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو چەندین گۆڵی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ یانەی شاهانە تۆمارکرد، بەتایبەتی ئەو دوو گۆڵەی لە بردنەوە لە بایرن میونشن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا تۆماریکرد، کە هۆکاری گەیاندنی ریال مەدرید بوو بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند بوو، و نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
خۆسێلۆ وەرزی رابردوو لە 49 یاری لەگەڵ ریال مەدرید 17 گۆڵی تۆمارکرد و هەروەها 3 ئەسیستیشی هەبوو.
 
ئێستا خۆسێلۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیادایە بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆ، کە ئێستا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.