مێسی 8ـەم بەتەمەنترین یاریزانی کۆپا ئەمریکایە
رووداو دیجیتاڵ
کاپتنی هەڵبژاردەی چیلی، لە پێشەنگی ریزبەندیی بەتەمەنترین یاریزانەکانی بەشداربووە لە وەشانی 48ـی کۆپا ئەمریکادا. لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینیش هەشتەم پیرترین یاریزانی ئەو پاڵەوانێتییەیە.
کلاودیۆ براڤۆ، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی چیلی و یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی، لە پێشەنگی لیستی بەتەمەنترین یاریزانەکانی کۆپا ئەمریکای 2024 دێت، کە ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچن و لە 14ـی تەمموزی داهاتوو کۆتاییدێت.
بە بەشداریکردنی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر پێرو کە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، و بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، کلاۆدیۆ براڤۆی گۆڵپارێزی قاڵی چیلی بووە بەتەمەنترین یاریزان لە مێژووی کۆپا ئەمریکادا و بەتەمەنترین یاریزانی ئەم وەشانە، کە لە تەمەنی 41 ساڵ و 69 رۆژیدا یاری کرد.
گۆڵپارێزی ئێستای ریال بێتیس، و گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی، سەرکردایەتی ئەو یاریزانانەی چیلی کردووە، کە نازناوی کۆپا ئەمریکای 2015 و 2016یان بەدەستهێنا، هاوکات وەک باشترین یاریزانی کۆپا ئەمریکای 2015 دەستنیشانکرا.
هەر هەمان یارییەکەی چیلی و پێرو شاهیدی بەشداریکردنی دووەم بەتەمەنترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە بوو، پاولۆ گێرێرۆی هێرشبەری هەڵبژاردەی پێرو، کە لە خولەکی 70ـی یارییەکەدا وەک یاریزانی یەدەگ چووە نێو یاریگا و ناوی خۆی وەک دووەم بەتەمەنترین یاریزان لە یارییەکەدا و لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، لە دوای براڤۆ تۆمارکرد.
گێرێرۆ تەمەنی 40 ساڵ و 5 مانگە، بەمەش دەبێتە دووەم پیرترین یاریزان کە بەشداری لە کۆپا ئەمریکای 2024ـدا کردووە.
پێشەنگی 10 یاریزانە بەتەمەنەکانی پاڵەوانێتییەکە، کە ئەمریکا میوانداری دەکات، بە بەشداری 16 تیپ، ئامادەبوونی ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی و پاڵەوانی مۆندیالی 2022 لیۆنێل مێسی بەخۆیەوە دەبینێت، کە کە لە تەمەنی 36 ساڵ و 11 مانگ 27 رۆژیدا ایری کرد و پلەی هەشتەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ تەمەنی بوو بە 37 ساڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لویس سوارێزی هاوڕێی لیۆنێل مێسی لە ئینتەرمەیامی پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەی گرتووە و تەمەنی 37 ساڵ و چوار مانگە.
سوارێز لەسەر کورسی یەدەگەوە سەیری یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەی کرد کە بەرامبەر پەنەما بوو، و بە ئەنجامی 3- سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
ئەمە ریزبەندیی 10 بەتەمەنترین یاریزانەکانی کۆپا ئەمریکای 2024ـە:
1- کلۆدیۆ براڤۆ (چیلی)، 41 ساڵ و دوو مانگ
2- پاولۆ گێرێرۆ (پێرو)، 40 ساڵ و پێنج مانگ
3- فرانکۆ ئارمانی (ئەرجەنتین)، 37 ساڵ و 8 مانگ
4- لویس سوارێز (ئۆرۆگوای)، 37 ساڵ و چوار مانگ
5- کارلۆس لامبی (بۆلیڤیا)، 37 ساڵ و سێ مانگ
6- هێرنان گوێندێز (ئیکوادۆر)، تەمەنی 37 ساڵ و دوو مانگ
7- ئەلێکساندەر دۆمینگێز (ئیکوادۆر)، تەمەنی 37 ساڵە
8- لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین)، 36 ساڵ و 11 مانگ (بوو بە 37 ساڵ)
9- گابرێل ئاریاس (چیلی)، 36 ساڵ و 9 مانگ
10- تیم ریام (ئەمریکا)، 36 ساڵ و 8 مانگ