هەڵوێستی ڤینیسیۆس لەسەر رۆیشتنی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید و پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، لێدوانێکی لەسەر رۆیشتنی ڤینیسیۆس تۆبیاسی هاونیشتیمانی لە یانەی شاهانە دا، کە تۆبیاس دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکەی بۆ یانەی شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی، رۆیشتنی لە ریال مەدرید راگەیاند.
 
ڤینیسیۆس تۆبیاس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، بڕیاری جێهێشتنی ریال مەدریدی بڵاوکردەوە، پێش ئەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر کۆمێنتێک لەسەر ئەو پۆستە بکات، کە نووسیبووی "بەختێکی باش هاوڕێکەم". ڤینی هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەو یاریزانە تەمەن 20 ساڵە خواست.
 
ڤینیسیۆس تۆبیاس، بەفەرمی رۆیشتنی لە ریزەکانی ریال مەدرید راگەیاند، دوای ئەوەی دوو وەرز لەمەوپێش لە شاختارەوە بەسێوەی خواستن پەیوەندی بە تیپی شاهانەوە کرد لەگەڵ بژاردەی کڕینەوەی گرێبەستەکەی بەشێوەیەکی هەمیشەیی، بەڵام وادیارە جێگەی متمانەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی شاهانە نییە.
 
تۆبیاس لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "کاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی بکەین، دواتر دەتانبینمەوە دوو ساڵی زۆر خۆشبوو لە فێربوون و گەشەکردن. سوپاسی هەمیشەییم بۆ ستافی راهێنەران و بەڕێوەبەران و هاوکارەکانم. زۆر سوپاس بۆ ئەوانەی دەرفەتیان بۆ رەخساندم، بۆ لەبەرکردنی ئەم درێسە، ئێمە جارێکی دیکە یەکدی دەبینینەوە، مەدریدیستا.
سوپاس بۆ هەموو شتێک.. هەلە مەدرید".
 
ئەو کۆمێنتەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بۆ ئەو پۆستەی ڤینیسیۆس تۆبیاس کردووە، کاردانەوە و سەرسامی زۆری فۆڵۆوەرسەکانی بەدەستهێناوە.
 
تۆبیاس کە لە ئۆکراینا لە شاختارەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، یانەی داهاتووی خۆی ئاشکرا نەکرد، هاوکات سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە شاختار.
 
تۆبیاس کە وەک بەرگریکار یاری دەکات، لە 61 یارییدا لەگەڵ تیپی دووەمی ریال مەدرید بەشداری کردووە، هەروەها لە هاوینی 2022 بە بڕیاری کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی بۆ تیپی یەکەم بەرزکرایەوە، بەڵام لە دوو وەرزدا تەنیا لە یەک یاری فەرمی بەشداریکرد، کە لە 6ـی کانوونی دووەمی رابردوودا بوو، کەتێک لە جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر ئاراندینا یاریکرد و ریال مەدرید 3-1 یارییەکەی بردەوە.