ڤیدیۆ: مێسی.. ئەو منداڵەی لە کۆڵانێکی پیسوپۆخڵی رۆزاریۆوە هات و هەموو دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

سی و شەش ساڵ لەمەوبەر.. لە ناوچەی سانتای رۆزاریۆ، ئەو شارەی بە خانووە نایاسایی و تەجاوزەکانی ناوبانگی دەرکردووە و سێیەم قەرەباڵخترین شاری ئەرجەنتینە، دایک و باوکێکی هەژار کە پێشتر سێ منداڵیان هەبوو.. بوونە خاوەنی منداڵێکی دیکە، بەڵام منداڵێک کە هەرزوو دەرکەوت، هەژاریی و برسێتی کاریگەریی لەسەر هۆڕمۆنەکانی گەشەکردنی هەبووە.
 
ئەو دوو هاوژینە، کە بنەچەی ماڵباتەکەیان بۆ شارۆچکەیەکی ئیتاڵیی بەناوی پۆرت و ریکاناتی دەگەڕێتەوە لە ناوچەی مازیراتا.. رۆژانە لەپێناو ژیانی مەمرە و مەژیدا تێدەکۆشان.. باوک لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاسن کاریدەکرد و دایکەکەش بۆ ئەوەی دەرەقەتی دۆخە ئابوورییە سەختەکەی خێزانەکەی بێت، رۆژانێک وەک خاوێنکەرەوەی ماڵان کاریدەکرد و سەردەمانێكیش لە کاریگەیەکی تواندنەوەی موگناتیسدا کرێکار بوو.
 
ئەو رۆژە سی و شەش ساڵ لەمەوبەربوو، منداڵێکی وردیلەی بچووک هاتە نێو خێزانەکەوە، بەڵام کەس نەیدەزانی ئەو منداڵە موو سوورە، نەک هەر ژیانی خێزانەکەی دەگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە موجیزەیەک و رۆزاریۆ، ئەرجەنتین، تۆپی پێ و مێژوو دەگۆڕێت.. دەبێتە ئەستێرەیەک و ملیۆنان کەس بەناوییەوە هاوار دەکەن مێسی .. مێسی..
 
دایک و باوک زۆر لە خۆشیی لەدایکبوونی لیۆنێلدا نەمانەوە کاتێک هەستیان کرد ئەو کۆرپەلەیە وەک ئەوانیدیکە گەشە ناکات و وەکئەوانیدیکەش بەدەم ژیانەوە نایەت و بەرامبەر رۆژەکانی داهاتوو، خۆگر نییە.
 
لەگەڵ تێپەڕینی رۆژەکان و قووڵبوونەوەی کێشە داراییەکانی ئەرجەنتین لە سەرەتای هەشتاکان و برسیبوونی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسی وڵات بەهۆی تەنگژەی داراییەوە، مێسی هێواش هێواش لە ژیاندا رێیدەکرد و رۆژ لە دوای رۆژیش روونتر دەبووەوە کە ئەو منداڵە، گەشەی ئاسایی نییە و باڵا ناکات.. بەڵام سەوداسەر و عاشقێکی سەیر و بێوێنەی تۆپی پێیە.. لەگەڵیدا دەژی و لەگەڵیدا دەخەوێت.. ئەگەر لە نێوان قاپێک برنج و تۆپێکدا سەرپشکی بکەن، ئەو تۆپەکە هەڵدەبژێرێت و بەزوویی دەیخاتە ژێر باڵی و بەرەو کۆڵان رادەکات بۆ یارییکردن... ئەوە باوانی لیۆیان دڵخۆشنەدەکرد، چونکە ماریای دایک هەموو کات دەیگوت، کوڕەکەم بەرگەی بەرکەوتنی تۆپێک ناگرێت، نازانم بۆچی وا خووی بەو تۆپەوە گرتووە..
 
لە نێو هەموو ئەو ئەندامانەی خێزانەکەدا کە بەترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ خۆشویستنی تۆپی پێ لەلایەن لیۆوە دەکرد، سیلیای نەنک تاقانەی نێو خێزانەکە بوو کە دەیگوت لێی گەڕێن لەو بچکۆلەیە با بەدڵی خۆی چێژ لە تۆپی پێ وەربگرێت.
 
لیۆ لە پێنج ساڵیدا چووە یانەی گراندۆلیی و لە هەشت ساڵیدا چووە نیو ئۆڵد بۆیز و لەوێ ئیدی ئەوانەی هاندەری یانەکە بوون، هەستیاندەکرد کە پەرجوویەک بەڕێوەیە و جادووگەرێک وا لە نێو یاریگەدا سەقاڵی پێکدادانی یاریزانانی تیپی بەرامبەر و تێکشکاندنی هێڵەکانیان و گۆڵکردنە.
 
کاتێک لیۆ بووە یانزە ساڵ، ئیدی باڵاکورتەکەی و جەستە لاوازەکەی، باوانی ناچارکرد بیبەنە لای پزیشک و ئەوکات دەرکەوت، کە منداڵە پەرجووەکە هۆرمۆنی گەشەی وەک پێویست نییە و دەبێ ماوەیەکی باش چارەسەر وەربگرێت.. هەر مانگێکیش 900 دۆلار بۆ ئەو چارەسەرە پێویستە.
 
خەریکبوو هەموو شت دادەڕووخا و دونیا لەبەردەم دووڕیانی بینینی بچکۆلە مەزنەکە و لەدەستدانی یەکجاریدا تێدا مابوو، کاتێک یانەی ریڤەرپلەیت کە چاویان لە گرێبەستکردن بوو لەگەڵ مێسی، کاتێک زانییان مانگانە دەبێ ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەری هۆڕمۆنەکانی مێسی بدەن، پاشەکشەیان کرد. بەڵام بارسێلۆنا لەوپەڕی دونیاوە بۆنی دەرکەوتنی ئەو ئەفسانەیەیان کرد و ئامادەبوون بیبەنە لای خۆیان و تێچووی چارەسەرەکەی لە ئەستۆ بگرن و دواتریش بۆ دەیان ساڵ، هەموو هەفتەیەک مرۆڤایەتی بانگهێشتی ئێوارە خوانێکی بێوێنە بکەن و بڵێن فەرموون.. وەرن ئەمشەو مێسی یاریی هەیە و مرۆڤایەتی دڵخۆشدەکات، چێژ ببین و چاوتان بە جادووی قاچەکانی ئەو ئاوبدەن و رۆژی دواتریش باسوخواسی درەوشانەوەی ئەو، بکەنە گەرمترین گفتوگۆی مەجلیس و نێو ماڵەکانتان.