دیلێخت و یوڤێنتوس ئامادەن بۆ جیابوونەوە

 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە راپۆرتێکی ژمارەی ئەمڕۆدا باس لەوە دەکات؛ ماتیاس دیلێخت بەرگریکاری هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئامادەیە ئیتاڵیا جیبهێڵێت و بارساش لەوە ئاگادارکراوەتەوە کە دیلێخت ئامادەیە پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە بکات، بەڵام کۆلیبالی و کۆندی ئامانجی لەپێشینەی بارسان، بۆیە مانچێستەر یونایتد و چێڵسی دوو یانەی پاڵێوراون بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ماتیاس دیلێخت.
 
رۆژنامەی سپۆرت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە: "بەرگریکارە هۆڵەندییەکە ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس نوێبکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی روو لە یەکێک لە یانە گەورەکانی خولی ئینگلیزی، یان ئیسپانی بکات".
 
بریکاری ماتیاس دیلێخت بڕیاری خۆیان بە ئیدارەی یوڤی گوتووە و نایانەوێ گریبەستەکە نوێبکەنەوە، یانەی یوڤیش هیچ لارییەکیان لەو داواکارییە نییە، چونکە پێویستییان بە پارەیە، بەڵام دەیانەوێ لانیکەم لە بەرمبەر دەستبەرداربوونی دیلێخت، 75 ملیۆن یۆرۆیان دەستبکەوێت".
 
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە باس لەوەش دەکات: "بەرپرسانی یوڤی ویستیان گرێبەستەکەی دیلێخت نوێبکەنەوە، بەومەرجەی مووچەکەی کەمبکەنەوە  کە مووچەی ساڵانەی لە سەروو 10 ملیۆن یۆرۆیە. ماوەی گرێبەستەکەی دیلێخت لەگەڵ یوڤی لە هاوینی 2024 بەسەردەچێت".
 
لە مێرکاتۆی زستانەدا بریکارەکەی بەرگریکارەکەی یوڤی بۆ بارسێلۆنا پێشنیازکردبوو، تەنانەت گفتوگۆشیان کردبوو، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە ئەنجامێک کە بەدڵی هەردوولا بێت".
 
بارسێلۆنا هێشتا چاودێری هەنگاوی داهاتووی دیلێخت دەکات، ئەگەر بێت و دانوستاندن لەنێوان یوڤی و بارسێلۆنا لەسەر داهاتووی دیلێخت دەست پێبکات، یوڤیش ئامادەیە گواستنەوەی لێنگلێتی بەرگریکاری بارسا تێکهەڵکێشی رێککەوتنەکە بکات، ئەمە لەکاتێکدا چێڵسی و مانچێستەر یونایتدیش پێویستییەکی زۆریان بە بەرگریکار هەیە و ئامادەن ئۆفەر پێشکەشی یوڤی بکەن".
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نووسیوییەتی: "لە کامپ نوو، ئامانجی لەپێشینە هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی کۆلیبالی و کۆندی، بەڵام بەردەستبوونی دیلێختیش دەتوانێت ئامانجەکانی یانە ئیسپانییەکە بگۆڕن، بەڵام بەرزی نرخەکەی وایکردووە بەرسا لە هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی بەرگریکارەکەی یوڤی سڵبکاتەوە".