فەرمی.. یۆفا بڕیارێکی گرنگی دا

24-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆفا
A+ A-

رووداو دیجیتال

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، دووپاتیکردەوە کە یاسای گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆت لەهەموو خول و پاڵەوانێتییەکانی یانەکان پێش 2021 - 2022 لادەبرێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی یۆفا، یاسای گۆڵەکانی دەرەوەی خاکەکەت لە وەرزی داهاتووەوە لە پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا لەسەر ئاستی یانەکاندا نامێنێت، ئەلیکساندەر چێفێرینی سەرۆکی یۆفاش ئەو بڕیارەی پشتڕاستکردەوە.

یۆفا لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی "یاسای گۆڵەکانی دەروەی یاریگەکەت لە هەموو پاڵەوانێتییەکانی یانە ئەوروپییەکان لە وەرزی 2021- 2022 لادەبرێت".

هەروەها لەو بڕیارەی یۆفادا هاتووە "ئەگەر دوو تیپ لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە ئەنجام و بە ژمارەی گۆڵ یەکسانبوون، چیدی پەنا نابرێتە بەر یاسای گۆڵکردن لە دەرەوەی یاریگەی خۆت، بەڵکو هەردوو تیپەکە دوو گێمی زیادکراوی 15 خولەکی دەکەن، ئەگەر ئەنجامی یارییەکەیان هەر بە یەکسانبوون کۆتاییهات پەنا دەبرێتە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.

پاشان ئەلیکساندەر چێفێرینی سەرۆکی یۆفا بڕیاری لابردنی یاسا نوێیەکەی روونکردەوە و گوتی "کاریگەری ئەو یاسایە ئێستا پێچەوانەی ئامانجە بنەڕەتییەکەیە، چونکە لە راستیدا دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی ئەو تیپانەی یاریی یەکەم لەسەر یاریگەی خۆیان دەکەن لە هێرشبردن، چونکە ئەوانەی یاریی یەکەم لەسەر یاریگەی خۆیان دەکەن خۆیان دەپارێزن لە گۆڵکردن لێیان، لە ترسی ئەوەی ئەو گۆڵە ببێتە هۆکاری دەرکردنیان".

بەپێی ئەو یاسایەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت، ئەگەر دوو تیپ لە یاریی چوون و گەڕانەوەدا یەکسانبوون، سەرکەوتن بەو تیپە دەدرێت کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گۆڵی زیاتری کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە